لیژنەی ئاسایش و بەرگری دوایین راپۆرت لەبارەی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان

30-07-2025
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و راپۆرتی خۆی لەبارەی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دایە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق. ئەندامێکی کوردی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێت، کۆبوونەوەکە نایاسایی بووە.

رۆژی سێشەممە، 29/7/2025، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و دوایین راپۆرتی خۆی بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بەرزکردەوە بۆ ئەوەی لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بخرێتە بەرنامەی کار تاوەکو دەنگی لەسەر بدرێت.
 
سەگڤان سندی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری نایاسایی بوو، بەو پێیەی رێژەی یاسایی تەواو نەبوو و لە کۆی 23 ئەندام، تەنیا 11 کەس ئامادە بوون کە ئەندامە شیعەکانی لیژنەکە بوون. ئەندامانی کورد و سوننەی لیژنەکە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد".
 
سەگڤان سندی دەشڵێت: "تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە پێویستی بە کۆدەنگیی سیاسییە."
 
23/7/2025 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانیی وڵاتەکەی لەبارەی پڕۆژەیاساکە گەیاندە سوودانی و بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ روبیۆ "نیگەرانیی قووڵ"ی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە. 
 
ئەو پڕۆژەیاسایە جێگرەوەی یاسایەکە لە ساڵی 2016 لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەردرا بۆ ئەوەی رەوایەتیی یاسایی بدرێتە پێکهێنانی دەستەی حەشدی شەعبی. 
 
تاوەکو یاسای دەستەی حەشدی شەعبی پەسند نەکرێت، ناتوانرێت پڕۆژەیاسای خزمەتی ئەو دەستەیە پەسند بکرێ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە