رووداو دیجیتاڵ
دوو مانگی دیکە دوو فڕۆکەی تایبەت بە کوژاندنەوەی ئاگر و فریاگوزاری دەگەنە عێراق. بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی عێراق دەڵێت، یەکێک لە فڕۆکەکان توانای هەڵگرتنی 2000 لیتر شلەمەنی هەیە.
چوارشەممە 30-7-2025 نەواس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆریای باشوور کردووە بۆ کڕینی دوو فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن، کە لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵدا دەگەنە عێراق.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی عێراق گوتی، "یەکێک لە فڕۆکەکان تایبەتە بە هەڵگرتنی ئاو و شلەمەنی تایبەت بۆ کوژاندنەوەی ئاگر، کە توانای هەڵگرتنی 2000 لیتر ئاو و شلەمەنی هەیە. فڕۆکەکەی دیکەش کەرەستە و پێداویستی تایبەت بە رزگارکردن و فریاگوزاری سەرەتایی هەڵدەگرێت."
شێوازی دروستکردنی فڕۆکەکان لەسەر داواى عێراق بووە، نەواس سەباح دەڵێت، "لە کۆتا قۆناخەکانى دروستکردندان."
وەک نەواس شاکر ئاماژەی پێدەکات، گرێبەستی دیکەیان بۆ دابینکردنی ئامێری هەمەجۆری فریاگوزاری واژۆ کردووە، یەکێک لەو گرێبەستانە، کڕینی ئۆتۆمبێلی پەیژەدارە کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگر و رزگارکردنی هاووڵاتییان لە باڵەخانە بەرزەکاندا بەکاردەهێنرێت.
بە گوتەی نەواس، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە ئەم ساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵانی رابردوو، "بە رێژەی 58% کەمبوونەتەوە."
هەر بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، پار 8554 رووداوى ئاگرکەوتنەوە لە عێراق روویانداوە، لە کاتێکدا ساڵى 2023 ژمارەى ئاگرکەوتنەوەکان گەیشتە زیاتر لە 21 هەزار رووداو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ