عێراق
کۆبوونەوەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق لەگەڵ نێردەى سەرۆکى تورکیا بۆ کاروبارى ئاو. وێنە: سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمارى عێراق رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەى قەیرانى ئاو، چەند پێشنیازێک دەدەنە تورکیا. داواشی لەو وڵاتە کرد کە زانیارییان پێبدەن لەبارەى بڕى بەردانەوەى ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فورات.
رۆژی 30ى ئابى 2023 لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق لە بەغدا لەگەڵ فەیسەڵ ئۆغلو، نێردەى سەرۆکى تورکیا بۆ کاروبارى ئاو کۆبووەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا لەتیف رەشید رایگەیاندووە، عێراق چەند پێشنیازێک دەداتە تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەى قەیرانى ئاو، بەمەبەستى تاوتوێکردن، رێککەوتن و گەیشتن بە ئەنجامى کۆتایی کە مایەى جێبەجێکردن بێت لەبارەى پشکى ئاوى عێراق لە ئاوى ئەو رووبارانەى کە لە تورکیاوە دەڕژێنە نێو عێراقەوە.
سەرۆککۆمارى عێراق بەگرنگى زانیوە تورکیا پلانى بەردانەوەى ئاو و زانیارى لەبارەی بڕی بەردانەوەی ئاوی رووبارى دیجلە و فورات بدەنە عێراق.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق، بڕى ئاوى هاتوو لە تورکیاوە بۆ هەردوو رووبارى دیجلە و فورات کەمترە لە نیوەى بڕى پێویست، کە دەبێت بۆ هەریەکەیان 500 مەتر سێجا بێت لە چرکەیەکدا.
فەیسەڵ ئۆغلو، نێردەى سەرۆکى تورکیا بۆ کاروبارى ئاو ئاماژەى بەوەداوە، وڵاتەکەی خوازیارى هاریکاریی بەرهەمدارە لە پرسی ئاو و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنى ئەرێنى، کە خزمەت بە بەرژەوەندیى هەردوولا بکات.
لە ماوەى هەفتەیەکدا هەریەک لە وەزیرانى دەرەوە، بازرگانى، وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانى تورکیا سەردانى عێراق و هەرێمى کوردستانیان کرد و بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا سەردانى عێراق بکات.
رۆژی 23ى ئابى 2023، هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆر دڵنیا نیم ئەم مانگە سەرۆک ئەردۆغان بگاتە عێراق، بەڵام مانگی داهاتوو سەردانەکە دەکات. سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا و پاشانیش وەزیری ئابووری و بازرگانیی تورکیا ئامادەکارییەکە بۆ سەردانی شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ