رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆ هەیە کارتی نیشتمانیی عێراق بۆ ژمارەیەک هاووڵاتیی سووریا لە پارێزگای ئەنبار دەرکراون و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێت، ژمارەیەک ئەفسەر سزادراون.
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە حەشدی بەرگری، رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئابی 2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەڵگەیان هەیە ناسنامەی کارتی نیشتمانیی ساختەی عێراقی بۆ هاووڵاتی سووریایی دەرهێنراوە.
درێژیی سنووری نێوان عێراق و سووریا و هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان 610 کیلۆمەترە کە 285 کیلۆمەتری دەکەوێتە پارێزگای نەینەوا و 325 کیلۆمەتری لە سنووری پارێزگای ئەنبارە.
سەعد غازی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، (ئەمڕۆ شەممە 30ـی ئابی 2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش، ژمارەیەک سووریایی بە شێوەیەکی نافەرمی لە پارێزگای ئەنبارەوە هاتنە عێراق و دواتر کارتی فەرمییان پێدرا."
سەعد غازی گوتی: "کاتێک بەڵگەنامەکانیان وردبینی کران، دەرکەوت ساختەن، بۆیە ناسنامە نیشتمانییەکانیان هەڵوەشایەوە و رەوانەی وڵاتی خۆیان کرانەوە."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رەتیکردەوە ژمارەی ئەو کەسانە زۆر بێت و گوتی: "ژمارەیان زۆر کەم بوو".
سەعد غازی گوتی: "چەند رۆژێک پێش ئێستا زیاتر لە 100 سووریایی بە شێوەیەکی فەرمی لە رێگەی سنوورەوە هاتنە نێو عێراق، بەڵام دواتر دەرکەوت بەڵگەنامەکانیان ساختەیە و پێنج کەسیان دەستگیرکران."
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار گوتی: "ئەوان تیرۆریست نەبوون، بەڵام بە شێوەیەکی نافەرمی هاتبوونە نێو عێراق و رەوانەی وڵاتی خۆیان کرانەوە. دواتر ئەو ئەفسەرانەی بەرپرسیار بوون لە هاتنەناوەوەیان لە بازگەکان، درانە دادگە و سزای دوو ساڵ زیندانی و دەرکردنیان لە کارەکانیان بۆ دەرچوو."
سەعد غازی باس لەوە دەکات: "ئەنبار ئەمڕۆ لە دۆخێکی ئەمنیی زۆر باشدایە. هەست دەکەین ئەنبار ناوبەناو رووبەڕووی هەندێک هێرش دەبێتەوە لەلایەن هەندێک لایەنەوە" و گوتی: "یاسا لە ئەنبار زیاتر لە هەر پارێزگایەکی دیکە جێبەجێ دەکرێ."
بەگوتەی عەبدولڕەحمان جەزائیری، "لە ناوچەی ئیدلب و لازقیەی سووریادا زیاتر لە پێنج هەزار چەکدار لە ئەفغانستان، پاکستان و ئەفریقا و وڵاتانی دیکەوە مەشقیان پێدەکرێ کە ئەوەش بەشێکە لە پڕۆژەی دووەمی داعش. بەڵگەمان هەیە بەڵگەنامە و ناسنامەی ساختە بۆ چەکدارانی بیانی دابینکراوە و لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک چەکداری سووری لە عێراق دەستگیرکران کە ناسنامەی نیشتمانیی عێراقی ساختەیان پێبوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ