دادگەی فیدراڵی لەسەر سکاڵای ژمارەیەک مامۆستای خوێندنی کوردی کۆدەبێتەوە

30-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵای ژمارەیەک مامۆستای خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان  کۆدەبێتەوە، کە داوا دەکەن میلاکیان لەسەر پەروەردەی حکومەتیی هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق.
 
سکاڵاکە بەناوی 9 مامۆستا تۆمارکراوە؛ محەممەد جەلیل حوسێن، یەکێک لەو مامۆستایانە رۆژی دووشەممە، 30-09-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی 03-08-2024 لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵایان لەسەر هەریەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە، داوادەکەن ئەو کەیسەیان بۆ یەکلابکرێتەوە و بگوزارێنەوە سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق.
 
لە ماڵپەری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 15-10-2024 بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی دادگەکە دیاری کراوە.
 
محەممەد جەلیل حوسێن دەڵێت، هەفتەی رابردوو، بە نامەیەک لە دادگەی باڵای فیدراڵی ئاگادارکراونەتەوە کە یەکەم دانیشتنی دادگە رۆژی 15ی مانگی 10 بەڕێوەدەچێت. دەشڵێت، دادگای فیدراڵی هەریەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لەو سکاڵایە ئاگادارکردووەتەوە، کە پێویستە نوێنەریان لە دانیشتنەکە ئامادەبن.
 
لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، وەکو کەرکووک، شنگال و خانەقین، دوو بۆ سێ جۆر خوێندن هەن، لەنێویاندا خوێندنی کوردی کە سەر بە پەروەردەکانی هەرێمی کوردستانە و هەموو شایستە و پڕۆگرامەکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.
 
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە خوێندنی کوردی لە سنووری پارێزگای کەرکووک نزیکەی 100 هەزار قوتابی هەن و لە 555 قوتابخانەدا وانە دەخوێنن.
 
نزیکەی 9,000 فەرمانبەر و مامۆستا لە بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەوام دەکەن.
 
لە شنگال خوێندنی کوردی و عەرەبی هەیە. لە شنگال 1,650 مامۆستا و فەرمانبەری میلاک و 1,130 مامۆستای وانەبێژ پرۆسەی خوێندنی کوردی بەڕێوەدەبەن.
 
لە قەزای خانەقین کە یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان و لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە، خوێندن بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی هەیە.
 
بەشی کوردیی پەروەردەی خانەقین 3,300 مامۆستا و فەرمانبەری هەیە. لە سنوورەکە 5,000 قوتابی لە 32 قوتابخانەدا بە زمانی کوردی دەخوێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە