دادگەی فیدراڵی سێ سکاڵا لەسەر دامەزراندنی باڵیۆزەکان رەتدەکاتەوە

30-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئەیلوول سێ سکاڵای لە دژی بڕیاری دامەزراندنی باڵیۆزەکان رەتکردەوە.
 
یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی و سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، بە ژمارە (151ـی فیدراڵی/2025) تۆمار کرابوو. ساڵحی داوای کردبوو، بڕیاری دامەزراندنی باڵیۆزەکان بە "نادەستووری و نایاسایی" هەژمار بکرێت و هەڵبوەشێندرێتەوە، هەروەها وەزارەتی دەرەوە پابەند بکرێت بە ئامادەکردنی لیستێکی نوێ. داوای دەرکردنی "فەرمانی وەلائی"شی کردبوو بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە تاوەکو یەکلاییبوونەوەی دۆسیەکە.
 
دادگەی باڵای فیدراڵی، سکاڵاکەی ساڵحیی بە پاساوی ئەوە رەتکردەوە کە "مەرجی بەرژەوەندی تێدا نییە."
 
سکاڵایەکی دیکە بە ژمارە (150ـی فیدراڵی/2025) لەلایەن ژمارەیەک کارمەندی وەزارەتی دەرەوە لەسەر هەمان پرس تۆمار کرابوو. ئەوانیش داوایان کردبوو دەرکردنی فەرمانی کۆماریی تایبەت بە دامەزراندنی باڵیۆزەکان رابگیرێت.
 
دادگەکە ئەو سکاڵایەشی رەتکردەوە و رایگەیاند، "داڕشتنی سکاڵاکە لە چوارچێوەی پسپۆڕیی دادگەدا نییە."
 
سکاڵای سێیەم لەلایەن 13 پەرلەمانتاری عێراقەوە تۆمار کرابوو، کە دادگەی باڵای فیدراڵی ئەو سکاڵایەشی بە پاساوی "نەبوونی مەرجی بەرژەوەندی" رەتکردەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، لە کۆشکی بەغدا لە شاری بەغدا، 79 باڵیۆزی نوێی عێراق لەبەردەم سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەکاربوون. دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 93 باڵیۆزی نوێ بەخشی.
 
زۆرترین پشک بەر پێکهاتەی شیعە کەوتووە و کە بەم شێوەیەیە، پێکهاتەی شیعە: 49 باڵیۆز کە دەکاتە 52.7%ـی کۆی گشتی. پێکهاتەی سوننە: 23 باڵیۆز کە دەکاتە 24.7%ـی کۆی گشتی. کورد: 17 باڵیۆز کە دەکاتە 18.3%ـی کۆی گشتی. جگە لەوە، بەربژێرێکی کوردی ئێزدی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەربژێرێکی دیکەی کوردیش لەسەر پشکی پارتی تەقەدووم دەبنە باڵیۆز، کە ئەمە پشکی کورد بەشێوەیەکی نافەرمی زیاد دەکات.
 
پێکهاتەکانی دیکە: کریستیانەکان دوو باڵیۆزیان دەبێ (نۆفەل بەها موسا و گریگۆر باکرام موسیس دێر هاکوبیان)، ئەوەی دووەمیان لە کورد نزیکە. 
 
کوردانی ئێزدی و سابیئەی مەندائی هەریەکەیان یەک باڵیۆزیان بەرکەوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە