ئەعرەجی بۆ بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئێران: رێگە نادەین خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەرتان بەکاربهێندرێت

30-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، رێگە نادەن خاکی وڵاتەکەى بەکاربهێندرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، بە ئێرانیشەوە. راشیگەیاند، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە تۆمەتی بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق سکاڵایان لە دژی ئیسرائیل تۆمار کردووە.
 
سێشەممە 30ی ئەیلوولی 2025 قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە بەغدا لەگەڵ مەجید میر ئەحمەدی، ئەمینداری دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەڕەشە و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە ناوچەکە کراوە، لەگەڵ رێوشوێنەکانی هەردوو وڵات بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نێوانیان لە چوارچێوەیەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوانیان.
 
رۆژی 11-08-2025 بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یاداشتنامەیەکی ئەمنی لەلایەن قاسم ئەعرەجی و عەلی لاریجانی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە بەغدا واژۆ کرا.
 
ئەعرەجی لەو کۆبوونەوەیەدا رایگەیاندووە، هەڵوێستی عێراق روون و جێگیرە بە رەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، بە ئێرانیشەوە.
 
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، بە فەرمی سکاڵایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار کردووە لە دژی ئیسرائیل، بەهۆی بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، "حکومەتی عێراق و سەرۆکوەزیران هەموو رێکارێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو هێرشە."
 
لە ماوەی 12 رۆژی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، عێراق ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنانی ئاسمانەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە