رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی خەڵکی شنگال رایدەگەیێنێت، بەهۆی ستەملێکراوی شنگال لەلایەن تیرۆرەوە، حکومەتی عێراق تایبەتمەندیی داوەتە قەزای شنگال. شاندەکە بە سوودانیان گوت، بەردەوامیی ئاوارەیی، بەهۆی نەبوونی ئیدارەیەکی خۆجێییە لە شنگال.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە (30-10-2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە شاندێکی خەڵکی شنگال کرد کە لە پێکهاتە و لایەنە جیاوازەکان پێکهاتبوو. سوودانی بە وردی گوێی لە گوزەران و دۆخی ئابووری لە قەزای شنگال گرت، لەگەڵ پێویستیی ئاوەدانکردنەوە، ئەویش بەهۆی لاوازیی خزمەتگوزاری و بەردەوامیی ئاوارەبوونی خەڵکەکەی بەهۆی نەبوونی ئیدارەیەکی خۆجێی تایبەت بە کاروباری گشتی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک ، هەروەک شاندەکە داوایکرد قەرەبووی دارایی بۆ خەڵکەکە خەرج بکرێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە شنگالییەکانی گوت: "حکومەت تایبەتمەندیی داوەتە قەزای شنگال، ئەوەش بەهۆی قەبارەی ستەملکێراوی قەزاکە بەهۆی تیرۆرەوە، ئەرکی حکومەتە چاودێری بکات و دادپەروەر بێت، جدییە لە دەرکردنی بڕیارەکان کە گونجاو بێت لەگەڵ قوربانییەکان و پەیوەست بوونی خەڵکەکە بە مانەوە لەو وڵاتەدا".
سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق و ناوچەکە بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕن، پێویستی بە کار و کۆششی زیاترە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە تەواوی عێراق و گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان لەنێویاندا قەزای شنگال".
رۆژی 18-10-2023، نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نوورۆژ، لەبارەی دەنگۆی دەستنیشانکردنی بەربژێر و یەکلاییکردنەوەی پۆستی قایمقامی شنگال بە رووداوی گوت: "دەستنیشانکردنی قایمقام، یەکێکە لە بڕگەکانی رێککەوتنی شنگال، بەڵام تائێستا هیچ کەسێک دەستنیشان نەکراوە و ئەو بڕگەیەی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک ناو دەهێندرێن، بەڵام بە فەرمی هیچ ناوێک وەکو بەربژێر یەکلایی نەکراوەتەوە."
لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، نایف سەیدۆ رایگەیاند: "رێککەوتنی شنگال بەشێک لە کێشەکانی ئەو شارە چارەسەر دەکات، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراقە، دەبێت خەڵکی شنگال بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، 70%ی خەڵکی شنگال داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکات، بەڵام هەندێک لایەنی نێو شنگال کە سەر بە پەکەکەن، رێگرییان لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە کرد و دژایەتییان کرد."
بە گوتەی قایمقامی شنگال، دەستێوەردانی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی لەو شارە هەیە، "دۆخی شنگال تایبەتە و دەستی دەرەکی و هەرێمی و نێودەوڵەتی و نێوخۆیی هەیە، شنگال ململانێی زۆری لەسەرە و بڕیاری شنگال لەدەستی خەڵکەکەیدا نییە، بەڵکو وڵاتان کۆدەبنەوە و لەسەر شنگال رێکدەکەون بەبێ ئەوەی پرس بە خەڵکەکەی بکرێت."
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا. رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانە - پەکەکە لە شاری شنگال؛ لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ