رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، حکومەتى فیدراڵیی عێراق لیژنەیەک لەگەڵ هاوپەیمانیی ناتۆ پێکدەهێندرێت بۆ تاوتوێکردنى چوارچێوەى هاوکاریی نێوانیان.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 30ـی تشرینى یەکەمی 2024) محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ بۆکاس شیخویرس، سەرۆکى نێردەى هاوپەیمانى باکوورى ئەتڵەسی (ناتۆ) کۆبووەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا سوودانى فەرمانیداوە بە پێکهێنانى لیژنەیەک لەگەڵ هاوپەیمانیى ناتۆ بۆ تاوتوێکردنى چوارچێوەى هاوکاریى نێوانیان.
پێكهێنانى ئەو لیژنەیە لەسەر بنەماى ئەنجامى کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى هەردوولا بووە، کە مانگى ئابى رابردوو لە برۆکسلى پايتەختى بەلجیکا کرا.
نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزيران رایگەياند، لیژنەکەى عێراق لەگەڵ ناتۆ لەلایەن قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراقەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت.
سوودانى رایگەياند "خواستى عێراق ئەوەيە پەیوەندییەکان لەگەڵ ناتۆ بچێتە قۆناخی هاریکاریى دووقۆڵى لەگەڵ وڵاتانى بەشدارى ناتۆ و لایەنى مەشقپێکردن و راوێژیان هەبێت لەگەڵ هێزە چەکدارەکانى عێراق. "
هاوپەیمانیی ناتۆ زیاتر لە 700 سەرباز و مەشقپێکەرى لە عێراق و هەرێمى کوردستان هەیە، کە ئەرکیان پەرەدانە بە تواناى هێزە ئەمنییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ