داخستنی پارتەکەی حەلبووسی رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کرا

30-11-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
دوای تۆمارکردنی چەند سکاڵایەک لەدژی، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەبارەی داخستنی پارتەکەی محەممەد حەلبووسی پێکهێنا و دۆسیەکە رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کرا بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدات.
 
د. هەیمان تەحسین حەمید، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 30-11-2023, بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ نووسراوی فەرمییان بۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کردووە، بۆ یەکلاییکردنەوەی شەش سکاڵا کە تێیدا داوای هەڵوەشانەوەی پارتی تەقەدووم دەکەن بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی. 
 
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لە سێ دادوەر پێکهاتوون، سەر بە دادگەی تەمیزی فیدراڵییە و کاریان بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی دۆسییە قورسەکانە. 
 
هەر یەکە لە پەرلەمانتاران باسم خەزعەل خەشان، فارس تەها فارس، عەبدولستار عادل عەبدولستار، حەیدەر نووری سادق مەلا، سوهەیب ئیسماعیل مەحموود و مستەفا مۆفەق جاسم سکاڵایان لەسەر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم تۆمارکردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی دەکەن، "لەبەرئەوەی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (BGR)ی ئەمریکی کردووە، پارەیان بۆ ناردووە بەبێ ئاگاداری و رەزامەندی فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان کە بڕی پارەکەش زۆرە."
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پارتی تەقەدووم گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (BGR)ـی ئەمریکی کردووە بۆ پێدانی راوێژکاریی سەرکردایەتی و سیاسی و بابەتی جۆراوجۆر کە بەپێی گرێبەستەکە ساڵانە 600 ملیۆن دۆلاریان بۆ کۆمپانیاکە ناردووە، بەشێک لەلایەنە شیعەکانیش دەڵێن، پشکێکی کۆمپانیاکە ئیسرائیلییە.  
 
نووسراوەکە رێکەوتی 29-11-2023ـی لەسەرە، بەڵام د. هەیمان تەحسین حەمید دەڵێت، هەڵەی چاپە و نووسراوەکەی ئەمڕۆ کردووە. ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەشی گوت کە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لە ماوەیەکی نزیکدا بڕیار لەسەر دۆسییەکە دەدات و یەکلایی دەکاتەوە. 
 
پارتی حەل بە سەرۆکایەتیی جەمال کەربوولی، رۆژی 23-11-2023، سکاڵایەکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە، تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی مادەی (9/3) لە یاسای پارتەکان بە ژمارە (36) لە 2015دا، مەرجی دامەزرێنەری پارت ئەوەیە کە لە دادگە سزای بەسەردا نەسەپێنرابێت بە تاوانی کوشتنی ئەنقەست، یان تاوانی شەرەف.
 
پارتی حەل پێی وایە، تاوانی "شەرەف" بەسەر سەرۆکی هاوپەیمانی و پارتی تەقەدووم جێبەجێ دەبێت و ئەندامێتیی لە هاوپەیمانی و پارتەکەی کۆتایی پێدەهێنێت و لە سەرۆکایەتییەکەی دووری دەخاتەوە. بۆیە پارتەکە داوا دەکات ناوی پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی حەلبووسی لە فەرمانگەی پارتەکان بسڕێتەوە و رێگە نەدات بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات.
 
بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەدژی حەلبووسی، پارتی حەل داوا دەکات رێگە نەدرێت حەلبووسی سەرۆکایەتیی پارت، یان هاوپەیمانیی بکات. نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا، رێگە نەدرێت سەرۆک، یان ئەندامی هیچ پارتێکی سیاسی بێت، هەروەها هاوپەیمانیی تەقەدووم پابەند بکرێت وێنەکانی حەلبووسی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لاببات. 
 
هەر لە درێژەی نووسراوەکەدا، پارتی حەل داوا دەکات درووشمی هاوپەیمانییەکەش کە "ئێمە ئومەتین" هەڵبوەشێتەوە و لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن لاببرێت، بەو پێیەی درووشم و هێمای دامەزراوەی نیشتمانییە و یاسای کۆمیسیۆن رێگەی پێنادات.
 
لە کۆتاییدا حەل ئاماژەی بەوەکردووە، پێشتر لە فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان سکاڵا تۆمارکراوە لەسەر ئەوەی محەممەد رێکان حەلبووسی مامەڵەی لەگەڵ کۆمپانیای BGRی ئەمریکی کردووە کە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ قەوارەی زایۆنی هەیە، بەڵام ئێستا نزیکەی مانگێکە فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان وەڵامی نەداوەتەوە.
  
رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن."
 
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگەی باڵای فیدراڵی دەقی بڕیاری لێسەندنەوەی ئەندامێتیی لە حەلبووسی کە لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقی بوو، بڵاوکردەوە.
 
دادگەی باڵای فیدراڵی باسی ئەوە دەکات کە محەممەد حەلبووسی لەژێر گوشاردا کاخەزی سپیی بە پەرلەمانتارانی حیزبەکەی پڕکردووەتەوە کە بریتییە لە نامەی دەستلەکارکێشانەوە و هەر کاتێک بیەوێت پێشکێشی دەکات. دەشڵێت، پەرلەمانتار باسم خەشان، حەلبووسی تۆمەتبارکردووە بەوەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی لۆبیی ئیسرائیلی گرێبەستی کردووە و ئەوەشی بە "پێشێلکردنی سەروەریی عێراق" وەسفکردووە و دەڵێت، "داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی حەلبووسی کردووە، ئەوەش وەکو دادگە ئاماژەی بۆ کردووە دەکرێت سکاڵایەکی سەربەخۆ بێت".
 
دادگەکە روونیکردووەتەوە، "رۆژی 15-1-2023، لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان رایگەیاند، محەممەد حەلبووسی فەرمانی دیوانیی دەرکرد کە تایبەت بوو بە دەستلەکارکێشانەوەی لە ئەندامێتیی پەرلەمان، بەڵام ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە لەژێر گوشاردا و لە کۆتایی خولی چوارەمی پەرلەمان لێی وەرگیراوە نەوەک خولی پێنجەم، وەکو چۆن لە ئەندامانی دیکەش وەگیراوە و کاخەزی سپییان بەناوی دەستلەکارکێشانەوە پێ واژۆ کراوە و هەر کاتێک هەر ئەندامێک بیانەوێت دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکێشدەکەن و لە پەرلەمان دەریدەکەن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە