رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بزووتنەوەی حقووق، باڵی سیاسیی کەتائیبی حیزبوڵڵا دەڵێ، باشترە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد بێت، نەوەک عەرەبی سوننە و داواش لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکات یەک کەس بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکەن.
حوسێن موئنیس، سەرۆکی بزووتنەوەی حقووق، ئەمڕۆ یەکشەممە 30-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "باشترە پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کورد بێت نەوەک سوننە، چونکە پرۆسەی سیاسی لەسەر ئەوە گیرساوەتەوە و بووەتە نەریتێکی سیاسی."
حوسێن موئنیس گوتی، "پێویستە ئەو نەریتە سیاسییە رەچاو بکرێت و دەرچوون لێی رەنگە ببێتەهۆی دەرکەوتنی نەریتی نوێ و دروستبوونی بارگرانی بۆ پرۆسەی سیاسی کە ئەوەش دواجار دەبێتە هۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت."
لەبارەی هەڵوێستیان بۆ پشتیوانیکردنی بەربژێری پارتی یان یەکێتی بۆ ئەو پۆستە، حوسێن موئنیس بە رووداوی گوت، "هیوادارین سازانی کوردی بکرێت و بە دوو بەربژێرەوە نەیەنە بەغدا و ئەو بابەتە لە پەرلەمان چارەسەر نەکرێ، بەڵکو بە سازانی نێوان دوو حیزبە کوردییەکان بێت."
سەرۆکی بزووتنەوەی حقوق گوتیشی، "هێشتا زووە بڕیاری خۆمان بدەین کە ئەو پۆستە شایستەی کام پارتە، بەڵام ئەگەر (پارتی و یەکێتی) رێکنەکەوتن و بە دوو بەربژێر هاتنە پەرلەمان، ئەوکات بەگوێرەی شایستەیی و بەربژێری گونجاو دەنگ دەدەین. ئێمە نامانەوێت بەشێک بین لە کێشەکان، بەڵکو دەمانەوێ بەشێک بین لە چارەسەر."
تاوەکو ئێستا تەنیا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم داوای پۆستی سەرۆککۆماری بۆ سوننەکان کردووە، بەڵام لایەنە سەرەکییەکانی دیکەی سوننە، وەکو هاوپەیمانییەکانی عەزم و سەروەری لەگەڵ ئەو داوایە نین و داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن.
وەکو نەریتی سیاسی لە عێراق، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆکوەزیرانیش بۆ شیعەیە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەچوو و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامەکەی راگەیاند. پرۆسەکە ئێستا لە قۆناخی یەکلاکردنەوەی تانەکاندایە لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن. دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان، کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی رەوانەی دادگەی باڵای فیدراڵی دەکات، کە بەگوێرەی دەستوور، دەبێت دادگەکە بە فەرمی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسند بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ