وەزارەتی گواستنەوە: ئەوەی لە بیابانی سەماوە بینراوە تارماییە، نەک فڕۆکە

30-11-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ فڕۆکەیەک لە بیابانی سەماوە نیشتبێتەوە یان جێهێڵدرابێت و رایدەگەیێنێت، ئەوەی لە نەخشەکانی گووگڵ دەردەکەوێت تەنیا دیاردەی "فڕۆکەی تارمایی"ە.
 
ماوەی چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە، کە لە رێگەی 'گووگڵ ئێرس'ەوە وەرگیراوە، تێیدا وا دەردەکەوێت فڕۆکەیەک لە ناوچەیەکی بیابانیی نزیک وەرکا لە سەماوە وەستێندرابێت یان جێهێڵدرابێت.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 30-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ دەرکەوتنی راستییەکە لە رێگەی پلاتفۆرمە جیاوازەکانی وەکو (ArcGIS)، (Bing Maps) و (Zoom Earth) وردبینییان لە وێنەکان کردووە."
 
بە گوتەی مەیسەم سافی، لە ئەنجامی وردبینییەکان، دەرکەوتووە ئەو فڕۆکەیە تەنیا لە یەک گرتەی گووگڵدا هەیە و لە هیچ وێنەیەکی پێشوو یان سەرچاوەیەکی دیکەی مانگە دەستکردەکاندا نییە.
 
سەبارەت بە هۆکاری دەرکەوتنی فڕۆکەکە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە گوتی، ئەم دیاردەیە بە "فڕۆکەی تارمایی - Ghost Aircraft" ناسراوە؛ کاتێک روودەدات، کە مانگی دەستکرد لەکاتی تێپەڕبوونی فڕۆکەیەکی راستەقینە بە ئاسماندا وێنەی دەگرێت.
 
مەیسەم سافی جەختی کردەوە، بەهۆی ئەو دیاردەیەوە وا دەردەکەوێت فڕۆکەکە لەسەر زەوی وەستاوە، لە کاتێکدا لە بەرزاییەکی زۆرەوە بە ئاسماندا تێپەڕیوە و "هیچ فڕۆکەیەک لەو شوێنە لەسەر زەویدا نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە