رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند: هاوردەکردنی گازی ئێران لەدوای دوو هەفتە راگرتنی دەستیپێکردەوە و دەستیش کراوەتەوە بە هاوردەکردنی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.
یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2025، ئەحمەد مووسا بە رووداوی رایگەیاند، ئەمڕۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق دەستیپێکردەوە بە بڕی پێنج ملیۆن مەتر سێجا، کە ماوەی دوو هەفتە بوو بەهۆی چاککردنەوە راگیرابوو.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، ئەو گازەى ئێران بۆ خستنەوەکاری چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبایە.
حکومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی بەشێک لە کارەباکەی پشت بە هاوردەکردنی گاز لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەبەستێت.
بەر لە راوەستانی هاوردەکردنی گازی ئێران و هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان، بڕی کارەبای بەرهەمهێنراو لە عێراق 27 هەزار و 500 مێگاوات بووە، بەڵام بە هۆى ئەو دوو رووداوەوە بەرهەمهێنانى کارەبا نزیکەى 8 هەزار مێگاوات کەمیکردبوو.
ئەحمەد موسا گوتی: "ئەمڕۆ هاوردەکردنی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە کە 700 مێگاواتە".
لەدوای هێرشی شەوی 26ی تشرینی دووەم بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کێشە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی بۆ عێراق دروست بوو، ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی تشرینی دووەم دۆخی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمى کوردستان گەیشتەوە ئاستی ئاسایی پێش هێرشەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ