فراکسیۆنە کوردستانییەکان داوای یەکڕیزی و سەرکردەکانی عێراقیش داوای بەربژێری سەرۆککۆمار دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاش مشتومڕێکی 24 کاژێری، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلایی بووەوە، فەرهاد ئەمین ئەترووشی بە 178 دەنگ پۆستەکەی وەرگرت، سێ گەڕ بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستە لەگەڵ کۆمەڵێک گفتوگۆ و کۆبوونەوە کران.
 
دوای هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ئێستا فراکسیۆنەکانی عێراق دوو هەنگاویان لەبەردەم ماوە، یەکێکیان هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، ئەوی دیکەش متمانەدان بە کابینەی نوێ، بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش داوا و خواستی هاوبەشیان یەکڕیزییە، هیواخوازن بۆ پۆستی سەرۆککۆماریش کە پشکی کوردە، هەڵوێست و بۆچوونەکان یەکگرتوو بن.
 
فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رۆڵی سەرۆک بارزانی لە یەکلاکردنەوەی پۆستەکەی بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت، "دەبێت بڕگە جێبەجێنەکراوەکانی دەستوور لەم خولەدا جێبەجێ بکرێن."
 
ئەترووشی، بە رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان بە بەردەوامی دانوستاندن هەبوو، جەنابی سەرۆک بارزانی رۆڵی گرنگی هەبوو لە یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە." گوتیشی، "دوای ئەم قۆناخە، دەبێت یەکەمجار سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت و ئەویش فراکسیۆنی گەورە رابسپێرێت بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ."
 
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: "عێراق فیدراڵییە، دەستوور گرێبەستێکە لەنێوانمان و زۆر بڕگەی دەستوور هەن جێبەجێ نەکراون و دەبێت لەم چوار ساڵەدا ئەو بڕگانە جێبەجێ بکرێن."
 
پارتی: پۆستەکەمان پاراست و قەرەبووی رابردووی بۆ کردینەوە
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە رووداوی گوت: "ئەوەی گرنگ بوو لەم پرۆسەیە، ئەم پۆستە گەڕایەوە بۆ پارتی. لە رابردوودا ئێمە زانیمان پێگە و گرنگیی ئەم پۆستە چەندە بۆ کورد، رێگریمان کرد لە دەرچوواندنی کۆمەڵێک یاسا دژی گەلی کوردستان. ئەوەی ئێستا کرا قەرەبووی کۆمەڵێک شتی بۆ ئێمە کردەوە."
 
پارتی داوای یەکدەنگی لە فراکسیۆنەکان دەکات و ئاماژە بە پێکهاتەکانی دیکە دەکات، داوا دەکات فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش چاو لە سوننە و شیعە بکەن.
 
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی بە رووداوی راگەیاند: "دەبێت ئێمەی کوردیش یەک دەنگ بین، لە پۆستی سەرۆککۆماریش بەیەک بەربژێر بەشدار بین." گوتیشی، "لە ئیستحقاقی هەڵبژاردندا ئەو پۆستە، ئیستحقاقی پارتییە."
 
یەکێتی: ئەوەی کرا دەرئەنجامی یەکڕیزییە
 
فراکسیۆنی یەکێتی بە 18 پەرلەمانتار لە گەڕی سێیەمدا دەنگی بە فەرهاد ئەترووشی دا، بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق رایگەیاند: "بافڵ تاڵەبانی ئیعازی نارد بۆ فراکسیۆنی یەکێتی بۆ دەنگدان بە فەرهاد ئەترووشی".
 
پاش کۆبوونەوەکەی پەرلەمان، هەرێم کەمال ئاغا، پەرلەمانتاری یەکێتی لە خولی شەشەم و سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبەکە لە خولی پێنجەم پێیوایە، ئەوەی کرا لە گەڕی سێیەم ئەنجامی یەکڕیزییە و دەڵێت: "یەکڕیزیمان ئەوە دەرئەنجامەکەیەتی، ئێمە وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەگەر لەنێو خۆمان یەک دەنگ بین، رەنگدانەوەی باشی دەبێت."
 
باسی لە هەڵوێستی حیزبەکەشی کرد و رایگەیاند: "بڕیاری یەکێتی ئەوە بوو نەچینە پێشبڕکێی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ئەمە پشتگیری بوو بۆ بەربژێری پارتی."
 
مازن غەریب، ئەندامێکی دیکەی فراکسیۆنی یەکێتی، بە رووداوی راگەیاند:"لەسەر بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵ، هەموو دەنگەکانمان بۆ بەڕێز کاک فەرهاد ئەترووشی بوو." راشیگەیاند، "هیواخوازیشە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش کورد یەک دەنگ بێ.
 
هەروەها فراکسیۆنی یەکگرتووش جەخت لە رێکار و رێگە یاساییەکان دەکاتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکان، عومەر کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، بە رووداوی راگەیاند: "جگە لەم رێگە یاساییە، هیچ رێگەیەکی دیکە نییە، پەرلەمان مافی هەموارکردنەوە و دەرکردنی یاسای هەیە و ئەوەش زۆرینەی دەنگی هێنا و شتێکی یاساییە."
 
قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە کوردە دوای ئەوە هات بە دەنگی 220 پەرلەمانتار، پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا جارێکی دیکە دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ بەربژێری پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بکاتەوە، لەکاتێکدا لە دوو گەڕدا ئەو پۆستە یەکلایی نەکرایەوە .
 
لایەنەکانی دیکە چی دەڵێن؟
 
حامد مووسەوی، یەکێک لە سەرکردەکانی رێکخراوی بەدر کە لە دانیشتنی پەرلەمان ئامادەبوو لەگەڵ ئەمینداری رێکخراوەکە قسەی بۆ هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا کرد و رایگەیاند: "هیواخوازین کەسایەتییەکانی نێو پەرلەمان هاوشێوەی فەرهاد ئەترووشی بن لە نیشتمانپەروەری." 
 
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریشەوە بەرپرسەکەی بەدر دەڵێ :"ئەو بابەتە جێدەهێڵین بۆ دانوستاندنەکان، لە ماوەکانی رابردوو هەوڵ هەبوو لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی لە هادی عامری، بەریز فایەق زێدان و لایەنە سیاسییەکان دیکەش بۆ تێپەڕاندنی بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، تاببێتە کلیلی کردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارلەنێو لایەنە سیاسیە کوردییەکانی دیکە ".  
 
هەروەها محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم قسەی بۆ زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو کرد و جەختی کردەوە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کورد نییە، حەلبووسی کە پارتەکەی زۆرترین کورسی لەنێو لایەنە سوننەکان هەیە لەبارەی سەرۆککۆمار بە رووداوی راگەیاند: "چاوەڕێی رێککەوتنی نێوان برایانمانین لە هەرێمی کوردستان".
 
خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق 
 
ئێوارەی سێشەممە 30-12-2025 ، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوای وەرگرتنی ئەرکی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان، بە فەرمی دەرگەی خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردەوە.
 
بەگوێرەی دەستوور، سەرۆککۆمار دەبێت لە گەڕی یەکەمدا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەڵبژێردرێ، ئەگەرنا لە گەڕی دووەمدا رکابەری لەنێوان ئەو دوو بەربژێرە دەبێت کە زۆرترین دەنگی گەڕی یەکەمیان بەدەستهێناوە و یەکلاییکردنەوەی بە زۆرینەی دەنگ دەبێت.
 
پەرلەمانتارانى هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش لەو دانیشتنەدا بە فەرمی نووسراوی گەورەترین فراکسیۆنیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.
 
هەیبەت حەلبووسی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی دیاریکرد کە لە 5ی کانوونی دووەمی 2026 دەبێت.
 
لەدوای هەڵبژاردنی، سەرۆککۆمار بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن رادەسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، کە لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان

فەرهاد ئەترووشی بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا

لە گەڕی سێیەمی دەنگداندا، فەرهاد ئەترووشی بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا. دوێنێ لە دوو گەڕی دەنگداندا، نەتوانرا ئەو پۆستە یەکلابکرێتەوە.