فراکسیۆنی کریستیانەکان لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنرا و 6 ئەرکیان دیاریکردووە

30-12-2025
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنێکی نوێی کریستیانەکان بەناوی "سۆیانای کریستیان" لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنرا، جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێتە "گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیی نوێنەرایەتیی پێکهاتەی کریستیان."
 
فراکسیۆنی سۆیانای کریستیان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، فراکسیۆنەکەیان لە سێ پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی سێ پارێزگای جیاواز پێکدێت و پێکهێنانی لە وەڵامی "بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی"دایە بەرامبەر ئەو "ئاڵنگارییە سەختانەی" پێکهاتەی کریستیان لە دەیەکانی رابردوودا رووبەڕووی بووەتەوە، لەوانە "تۆقاندن، زەوتکردنی ماف و کۆچی زۆرەملێ". 
 
ئەو ئاڵنگارییانە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەیان و گۆڕانی دیمۆگرافیای ناوچە مێژووییەکانیان.
 
ئەندامانی ئەو فراکسیۆنە کریستیانە پێکدێن لە کلدۆ رەمزی، بەربژێری دەرچوو لە بازنەی هەولێر، سامی ئۆشانە، بەربژێری دەرچوو لە بازنەی دهۆک و عیماد یوخەنا نوێنەری کریستیانەکان لە کەرکووک. كلدۆ رەمزی ئۆغەنا بە سەرۆکی فراکسیۆنەکە دیاریکراوە.
 
فراکسیۆنە نوێیەکە دەڵێت، ئامانجیان تەنیا کۆکردنەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار نییە، بەڵکو دەیانەوێت ببنە "دەنگی رۆڵەکانی پێکهاتەکە" و نوێنەرایەتیی دۆزی گەلێکی دێرین بکەن کە کلدانی، سریانی، ئاشووری و ئارامین، هاوکات پابەندبوونی خۆشیان بە بەرگریکردن لە ناسنامەی ئەرمەنەکانی عێراق دووپاتکردەوە.
 
بەپێی راگەیندراوەکەیان؛ گرنگترین ئامانجەکانی فراکسیۆنی سۆیانای کریستیان:
 
- پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەتی کریستیانەکان.
 
- چارەسەرکردنی گۆڕانە دیمۆگرافییەکان و دروستکردنی هاوسەنگیی دەستووری لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.
 
-  دەرچوواندنی یاسایەکی باری کەسیی تایبەت بە کریستیانەکان.
 
- هەموارکردنەوەی یاسای کارتی نیشتمانی بۆ رێزگرتن لە ناسنامەی ئایینیی کریستیان، ئێزدی و سابیئەکان.
 
- دەرچوواندنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان بەپێی ماددەی 125ی دەستوور.
 
- هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بۆ مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتیی راستەقینە و گەڕاندنەوەی مافی دەنگدان بۆ هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، فراکسیۆنی سۆیانای کریستیان بەڵێنی داوە کە نوێنەرایەتییەکەیان لە پەرلەمان "رەمزی و رووکەش" نابێت، بەڵکو دەبنە "هاوبەشێکی راستەقینە لە دروستکردنی بڕیاری نیشتمانیدا."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."