رووداو دیجیتاڵ
هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر سەرپەرشتیی هەوڵەکان دەکات لەنێو ماڵی شیعە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان. دوو بەرپرسی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەخت لەوە دەکەنەوە کە لەگەڵ بەربژێری پارتی دەبن بۆ ئەو پۆستە.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی کانوونی دووەمی 2025، لە پەرلەمانی عێراق گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تێڕوانینی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوەیە کە دەنگ بە بەربژێری زۆرینەی کورد بدرێت بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان."
ئەحمەد عیساوی رایگەیاند: "پەیوەندیی بەردەوام هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە و تەواوکردنی رێکاری دەستوورییەکان بۆ هەڵبژاردنی تەواوی ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و گرتنەبەری رێکارەکانی دیکەی پێکهێنانی حکومەت."
شەوی 29ی کانوونی دووەمی 2025، هەردوو بەربژێرەکە نەیانتوانی دەنگەکانیان بگەیەننە زۆرینەی رەها کە زیاتر لە 166 دەنگە و بەو هۆیەوە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان یەکلا نەبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لەنێو هێزە شیعەکانەوە دەستی کەوتووە، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر سەرپەرشتیی هەوڵەکان دەکات لەنێو ماڵی شیعە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە.
محەممەد بەیاتی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی رێکخراوی بەدر بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند: "هەوڵەکانی بەرێز هادی عامری بۆ ئەوەیە پرسەکە چارەسەر بکرێت و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت، کە بنەمای پێکهێنانی حکومەتە، ئەگەر ئەو دەستەیە هەڵنەبژێردرێت، سەرۆککۆمار هەڵنابژێردرێت و بەربژێری سەرۆکوەزیرانیش بۆ پێکهێنانی حکومەت راناسپێردرێت."
محەممەد بەیاتی ڕایگەیاند: "پەیوەندی و دیالۆگ هەیە لەنێو هاوپەیمانانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ ئەوەی ئەو پرسە چارەسەر بکرێت و جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و هەوڵەکانی ئێستا بۆ ئەوەیە سازان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بکرێت، ئەگەرنا بە دەنگدان یەکلا ناکرێتەوە."
هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەنگاوی یەکەمی پێکهێنانی حکومەتی نوێیە، بەوپێیەی پێویستە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت تاوەکو بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت کە بەرکەوتەی شیعەکانە.
ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی رێکخراوی بەدر گوتی: "هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی مامەڵە لەگەڵ ئەوە دەکات کە پۆستەکە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بێت، دابەشکردنی پێگەکان لە ساڵی 2006ـەوە جێگیر کراون و ناکرێت لەبەر پرسێکی دیکە بگۆڕدرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ