فایەق زێدان بۆ "چارەسەری هەڵبژاردنی جێگری سەرۆک" لە پەرلەمانە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و سەرۆکی تەمەنی خولی شەشەمی پەرلەمان کۆبوونەوە. بە گوتەی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێی دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاساییە بۆ چارەسەری بەربەستی بەردەم هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی کانوونی دووەمی 2025، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق سەردانی پەرلەمانی کرد و لەگەڵ عامر فایز، سەرۆکی تەمەنی خولی شەشەمی پەرلەمان کۆبوونەوە.
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی دەرچەی یاسایی و چارەسەری پرسی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بوو و ئێستاش فایەق زێدان لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەدایە."
 
لەدوای دوو گەڕی دەنگدان، لە 29ى کانوونى یەکەم، پەرلەمانی عێراق نەیتوانی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرێ، بەهۆی ئەوەی هەریەک لە شاخوان عەبدوڵڵا، بەربژێری پارتی و رێبوار کەریم، بەربژێری بەرەی هەڵوێست نەیانتوانی زۆرینەی رەهای دەنگەکان بەدەستبهێنن.
 
موسەننا ئەمین رایگەیاند، تاوەکو ئێستا دیار نییە پێشنیازی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی کاتیی پەرلەمان لەبارەی ئەو پرسە چی بووە کە دەبێت لە پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە.
  
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمان جارێکى دیکە دانیشتن بکات بۆ یەکلاییکردنەوەى پۆستى جێگرى دووەمی سەرۆکى پەرلەمان و تەواوبوونى پێکهاتەى سەرۆکایەتى پەرلەمان، دواى ئەوەى دووشەممە 29ى کانوونى یەکەم سەرۆکى پەرلەمان و جێگرى یەکەمى هەڵبژێردران. 
 
لە ساڵی 2023 دادگەی باڵای فیدراڵی شرۆڤەیەکی لەبارەی کشانەوەی بەربژێری پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کردووە بەوەی، لەدوای ئەنجامدانی دەنگدان بەربژێری نوێ بۆ ئەو پۆستە دیاری ناکرێ.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە