دوای 10 ساڵ دەروازەی رەبیعە لەنێوان عێراق و سووریا دەکرێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی رەبیعە رایدەگەیێنێت، عێراق ئامادەیە بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی رەبیعە کە 10 ساڵە داخراوە و دەشڵێت، "بەپێی ئەو نەخشانەی بینیومە، رێگەی گەشەپێدان بە رەبیعەدا تێدەپەڕێت."
 
فەواز مەشعان، بەڕێوەبەری ناحیەی رەبیعە، رۆژی شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " دوای گەیشتنی سوپای سووریا بۆ دەروازەی سنووریی "یەعروبییە"ی لایەنی سووریا کە دەکاتە دەروازەی سنووری رەبیعەی عێراق، حکومەتی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ کردنەوەی دەروازەکە نیشانداوە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی رەبیعە گوتی، "شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی دەروازەکەیان کردووە، شوێنەکە ئامادەیە و تەنیا پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، بەپێی قسەی شاندەکە بێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەروازە سنوورییەکە دەکرێتەوە."
 
کورتکردنەوەی رێگەی بازرگانی
 
فەواز مەشعان، ئاماژەی بە گرنگیی جوگرافیی دەروازە سنوورییەکە کرد بۆ بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق و گوتی، "وەک ئەوەی باس دەکرێت، مەودای نێوان دەروازەی نوسەیبینی سەر سنووری تورکیا و سووریا تاوەکو نەینەوا لە رێگەی رەبیعەوە تەنیا 180 کیلۆمەترە، لە کاتێکدا ئەو رێگەیەی ئێستا بەکاردێت (ئیبراهیم خەلیل) نزیکەی 300 کیلۆمەترە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی رەبیعە جەختی کردەوە، کردنەوەی دەروازەکە تەنیا چاوەڕێی تەواوکردنی رێکارە کارگێڕی و ئەمنییە فیدراڵییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشقە و پێشبینی کرد بەو هەنگاوە ئابووریی پارێزگای نەینەوا بە گشتی ببووژێتەوە.
 
"رێگەی گەشەپێدان بە رەبیعەدا تێدەپەڕێت"
 
سەبارەت بە پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی گەشەپێدان، فەواز مەشعان گوتی، "ئەو نەخشانەی من بینیومە، ئاماژە بەوە دەکەن رێگەی گەشەپێدان بە رەبیعەدا تێدەپەڕێت، نەک لە رۆژهەڵاتی بەنداوی موسڵەوە بەرەو دهۆک، رێگەکە بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی رەبیعەوە تێدەپەڕێت و دواتر بەرەو دەروازەی پیشابوور دەچێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە دەستەی گشتیی گومرگی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، زانیارییەکانی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "وا بڕیارە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کردنەوەی دەروازەکە رابگەیێندرێت."
 
دۆخی ئەمنی جێگیرە
 
لەبارەی نیگەرانییە ئەمنییەکان، فەواز مەشعان دڵنیایی دا و گوتی، "دۆخی ئەمنیی ناوچەکە زۆر ئاساییە، هەندێک کەس ترسیان هەبوو شەڕ لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و سوپای سووریا لەو دیوی دەروازەکە رووبدات، بەڵام هیچ گرژییەک و مەترسییەک نەبوو بۆ سەر ناوچەکەمان."
 
ئەم جموجۆڵانە دوای ئەوە دێن، شاندێکی باڵای دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق سەردانی دیمەشقیان کرد بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی گەشتیاران لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
 
دەروازەی سنووریی رەبیعە، یەکێکە لە دەروازە گرنگەکانی نێوان عێراق و سووریا، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، لە ساڵی 2014ـەوە بەڕووی جموجۆڵی بازرگانیدا داخراوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سەدرەدین قەبانچی، گوتاربێژی مزگەوتی گەورەی نەجەف

گوتاربێژێكی نەجەف: سەرۆکی ئەمریکا بێ ئەدەبە و عێراقیش مانگای شیردەر نییە

پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی گەورەی نەجەف رەخنەی تووند لە ئیدارەی ترەمپ دەگرێ سەبارەت بە دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە "شکاندنی ویستی گەل" ناوی دەبات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەندێک بڕیاری وەزارەتەکان پێویستیان بە پێداچوونەوەیە