ئەو راگرەی زانکۆى بەسرە کە دەستدرێژى کردە سەر قوتابییە کچەکان دەرکرا

31-03-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى خوێندنى باڵای عێراق بڕیاریدا بە دوورخستنەوەى راگرى کۆلێژى کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیا و زانیارى زانکۆى بەسرە و دەرکردنى لە خزمەتى فەرمى بە تۆمەتى ئەوەى دەستدرێژى سێکسی کردووەتە سەر ژمارەیەک لە کچە خوێندکارەکانى ئەو کۆلێژە. 
 
گوتەبێژى ئەو وەزارەتە دەڵێت، "یەکێک لە سزاکانى دیکە ئەوەیە کە زانکۆى بەسرە لە دادگە سکاڵاى یاسایی لە دژی بجووڵێنێت".
 
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی عێراق، لە 28ى ئادارى 2024، بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەى عیماد شەعلان جەبر، راگرى کۆلێژى کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیا و زانیاریى زانکۆى بەسرە. 
 
بەگوێرەى بڕیارەکە، هۆکارى ئەو سزایە ئەنجامدانى کارى "مەترسیدار  و دژ بە ئاکارى گشى و مامەڵەى مامۆستاى زانکۆ" بووە، کە بەگوێرەى بڕیارەکە مانەوەى لە کاردا "زیان بە بەرژەوەندیی گشتى" دەگەیێنێت. 
 
ئەو سزایەى دژ بەو راگرەى زانکۆى بەسرە لە دواى ئەوەهات کە چەند گرتەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و تێیدا دەستدرێژى دەکاتە سەر ژمارەیەک لە کچە قوتابییەکانى کۆلێژى زانستى کۆمپیوتەر.
 
حەیدەر عەبوودى، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سزاى دژ بەو راگرە ئەوەیە کە چیدى لە کار و خزمەتى فەرمى نامێنێت و ئەو سزایەش بەگوێرەى یاساى رێکخستنى فەرمانبەرانى دەوڵەت بووە."
 
پێشتر 20ى ئادارى 2024 وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق فەرمانی دا بە دەست پێ لەکارکێشانەوەی عیماد شەعلان، راگرى کۆلێژی کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیا و زانیاریى زانکۆى بەسرە تاوەکو ئەو کاتەى کارى لێژنەى لێکڵینەوە لەسەر ئەو رووداوە تەواو دەبێت.
 
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى عێراق راگەیاند، ئەو سزایە بەشێک بووە لە راسپاردەى لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو راگرەى زانکۆى بەسرە و یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەش ئەوەیە کە ئەو زانکۆیە راسپێردراوە بۆ ئەوەى سکاڵاى یاسایی لە دژى راگرەکە تۆمار بکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.