رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمنیی عێراق رایدەگەیێنێت، هەشت کەسیان بە تاوانی "تیرۆر" لەسێدارە داوە، ئەوە سێیەمین گرووپە لە ماوەی مانگی رابردوودا لە عێراق بە هەمان تۆمەت لەسێدارە درابن.
رۆژی هەینی 31ی ئایاری 2024، بەرپرسێکی ئەمنیی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "رۆژی پێنجشەممە هەشت هاووڵاتیی عێراقی بە تاوانی تیرۆر و ئەندامبوون لە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (رێکخراوی داعش) لە زیندانی حوت لە شاری ناسریە لەسێدارە دراون."
هەر هەشت کەسەکە بەگوێرەی بڕگەی 4ی یاسای دژ بە تیرۆر لەسێدارە دراون.
بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی عێراق، تاوانەکانی پەیوەست بە تیرۆر و تاوانی کوشتن، سزاکەیان لەسێدارەدانە، سزاکەش دەبێت لەلایەن سەرۆککۆمارەوە واژۆ بکرێت.
زیندانی "ئەلحوت" زیندانێکی بەنێوبانگی ناسریەیە و ناوە عەرەبییەکەی بەواتای "نەهەنگ" دێت، عێراقییەکان پێیانوایە هەر کەسێک لەو زیندانە دەستبەسەر بکرێت، هەرگیز بە زیندوویی دەرناچێت.
عێراق بەهۆی بڕیاری لەسێدارەدانەوە رەخنەیەکی زۆری لێگیراوە، بەتابەت ئەو کەسانەی کە بە تاوانی "تیرۆر" سزاکەیان بەسەردا سەپێندراوە، چونکە بەبێ گوێدانە ئەوەی تاوانبارەکە چەکدارێکی چالاک بووە یان نا، بڕیارەکەی بەسەردا سەپێندراوە.
رازاو ساڵحی، لێکۆڵینڤانی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ رەخنە لە حکومەتی عێراق دەگرێت و دەڵێت، "ئەوەی کە ئەم لەسێدارەدانانە بەردەوامن، ئاماژەیەکی روونە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق کە هەموو بانگەوازەکان بۆ راگرتنی سزاکە دەچێتە گوێی کەڕەوە."
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان "نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر بەو راپۆرتانە دەربڕی کە باس لەوە دەکەن عێراق دەستی بە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ کردووە."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی 25ـی کانوونی دووەم 13 کەس کە پێشتر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە، ئەوەش زۆرترین ژمارەی زیندانیکراوانە کە یەک رۆژدا لە عێراق لەسێدارە درابن، لەدوای 16ـی تشرینی دووەمی 2020 کە 20 کەس بەیەکەوە لەورۆژەدا لەسێدارە دران."
لەسێدارەدان لە جیهان
رۆژی چوارشەممە 29ی ئایاری 2024 رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) راپۆرتێکی لەبارەی لەسێدارەدان لە جیهاندا بڵاوکردەوە.
ئەمنستی ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی ئەوانەی ساڵی رابردوو لەسێدارە دراون بەراورد بە ساڵی 2022، نزیکەی 30% زیادیکردووە. لە 2022دا 883 کەس لەسێدارە درابوون.
ژمارەی ئەو وڵاتانەی لە ساڵی 2023 سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کردووە 16 وڵات بوون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ئەمنستی، ئێران پار 853 کەسی لەسێدارە داوە، ئەوەش لە کاتێکدایە لە ساڵی 2022دا 576 کەسی لەسێدارەدابوو.
دوای ئێران هەریەکە لە سعودیە، سۆماڵ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێن و ساڵی رابردوو ئەو وڵاتانە زۆرترین کەسیان لەسێدارە داوە.
لەو ساڵەدا سعودیە 170 کەس، سۆماڵ 38 کەس و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 24 کەسی لەسێدارەداوە.
زاراوەی لەسێدارەدان لە ئەمریکا بەکاردەهێندرێت، بەڵام کوشتنی تاوانبار لە رێگەی دەرزییەوە دەبێت.
ئەمنستی لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە چین داوە وەکو "یەکێک لەو وڵاتانەی کە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتییان تێیدا لەسێدارە دەدرێن"، بەڵام هیچ ژمارەیەکی تایبەت بە لەسێدارەدانی هاووڵاتییان بەهۆی "نەخستنەڕووی زانیاری" لەو وڵاتە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەمنستی دەڵێت: "چین هێشتا هیچ ئامارێکی لەسەر سزای لەسێدارەدان بڵاونەکردووەتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا زانیارییە بەردەستەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵانە هەزاران کەس لەو وڵاتە لەسێدارە دەدرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ