پارتی و یەکێتی لە دیالە بە دوو لیستی جیاواز بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن

31-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دوو لیستی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای دیالە بکەن.
 
کاوە گەردی، کارگێڕی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئەمڕۆ شەممە 31ی ئایاری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پارتی لە پارێزگای دیالە بە لیستێکی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردن دەکات و هیچ هاوپەیمانێتییەکی پێش هەڵبژاردنی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نابێت."
 
پارێزگای دیالە 14 کورسیی لە پەرلەمانی عێراق هەیە کە چواریان بۆ کۆتای ژنان تەرخان کراون.
 
هاوکات سۆزان مەنسوور، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی یەکێتی و نوێنەری قەزای خانەقین، کە گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتییشە، ئەمڕۆ شەممە 31ی ئایاری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێتییش بە لیستێکی جیاواز و بەبێ هاوپەیمانێتی لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێکی دیکەدا، بەشداریی هەڵبژاردن دەکات.
 
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
 
سەبارەت بە خۆبەربژێرکردن، سۆزان مەنسوور گوتی، "سیڤیی خۆمم پێشکێشکردووە و چاوەڕوانی بڕیاری حیزبەکەمم."
 
سەرەڕای ئەوەی کورد زیاتر لە 20%ی دانیشتووانی پارێزگای دیالە پێکدەهێنێت، لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا، لەنێو سەرجەم هێزە کوردستانییەکاندا، تەنیا سۆزان مەنسوور وەک تاکە نوێنەری کورد لە سنووری پارێزگاکە (بازنەی خانەقین) توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت؛ هەروەها لەنێوان لایەنەن کوردستانییەکاندا تەنیا یەکێتی یەک ئەندامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هەیە، کە ئەویش کەسێکی عەرەبە بە ناوی ئەوس مەهداوی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە