لێدوانی ئەمریکا بۆ رووداو لەبارەی هێرشەکەی بابل

31-07-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، شەوی رابردوو هێزەکانیان هێرشێکی ئاسمانیی بەرگرییان کردووەتە سەر پارێزگای بابل و چەند چەکدارێکیان بە ئامانج گرتووە، کە هەوڵیان داوە هێرش بکەنە سەر هێزەکانیان.

ئەو سەرچاوەیە لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، دوو دڵ نابن لە ئەنجامدانی هێرشی دیکە بۆ پاراستنی سەرباز و کارمەندانیان دژی ئەو کەسانەی هەڕەشەن بۆ سەریان.

ئەمریکا هێرشەکەی لە شارۆچکەی موسەیب لە سنووری پارێزگای بابل کردووە و دەڵێت، ژمارەیەک چەکداری کردووەتە ئامانج کە هەوڵیان داوە بە سیستمی ئاسمانیی (OWAUAS) هێرش بکەن، ئەو سیستمەش "بووەتە هەڕەشە بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانا."

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پابەندە بە ئاسایشی و سەلامەتیی هێزەکانیەوە و دەڵێت، "مافی سرووشتیی خۆمانە کە بەرگری لە خۆمان بکەین و دوودڵ نابین لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ خۆپاراستنمان."
 
رۆژی 31ـى تەممووزی 2024، دەستەى حەشدی شەعبی رایگەیاند، کاژێر 21:30ى خولەکى شەوى 30ى تەممووزى 2024 هێرش کراوەتە سەر دوو یەکەى هێزێکى سەر بە لیواى 47ى سەر بەو دەستەیە لە باشوورى شارى بابل، بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن.
 
دەستەى حەشدی شەعبی دەڵێت، هێرشەکە لەڕێگەى چەند مووشەکێک بووە کە لە درۆنەوە ئاراستەى ئەو دوو یەکەیە کراون.
 
هێرشەکە لە ناوچەى سەعیدات بووە لە باشووری بابل و ئەو هێزەى حەشدی شەعبی کە کراوەتە ئامانج، سەر بە ئۆپەراسیۆنەکانى جەزیرەى حەشدى شەعبى بووە کە کارکردنیان لە ناوچەکانى ناوەڕاست و رۆژئاواى عێراقە.
 
فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنەکانى جەزیرەى حەشدى شەعبی رایگەیاند، بەهۆى هێرشەکەوە چوار چەکداریان کوژران بە ناوەکانى  ئەحمەد نەجم ئەبوزەهرە، حوسێن کەریم، حەیدەر حەسەن و عەلی سادق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە