رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریی عێراق لە 15ى ئەیلوول بۆ ماوەى هەفتەیەک دەرگەى ناونووسین بۆ پەیوەندیکردن بە سوپاوە وەک سەرباز دەکاتەوە. جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراقیش دەڵێت، 10 هەزار کەس وەردەگیرێن و هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستانیش دەتوانن داواکارى پێشکێش بکەن.
رۆژی 30ـی ئابى 2023، وەزارەتى بەرگریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەوانەى دەیانەوێت وەک سەرباز پەیوەندى بە سوپاى عێراقەوە بکەن، لە 15ـی ئەیلوول تاوەکو 21ـى هەمان مانگ دەتوانن داواکارى پێشکێش بکەن کە دواتر مەرجەکانى وەرگرتن و ئەو لینکە بڵاودەکەنەوە، کە لە رێگەیەوە داواکارییەکان پێشکێش دەکرێت.
رۆژی 30ـی ئاب، سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: مەرجەکان ئەوەن کە دەبێت کەسى پێشکێشکار تەمەنى لەنێوان 18 بۆ 30 ساڵاندا بێت و نووسین و خوێندنەوە بزانێت.
سەگڤان سندى ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەى ئەو بڕیارە 10 هەزار سەرباز وەردەگیرێن، کە کەمترین مووچەى 750 هەزار دینارە و لەدواى پڕکردنەوەى، فۆڕمەکان جیادەکرێنەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ پێشکێشکاران دەکرێت. پاشان پشکنینى تەندروستییان بۆ دەکرێت و ئەوانەى وەردەگیرێن بۆ ماوەى سێ مانگ مەشقیان پێدەکرێت.
ئەوە یەکەم جارە لە دواى ساڵى 2014 سوپاى عێراق دەرگەی دامەزراندن بۆ سەربازانى سوپا بکاتەوە و دامەزراندنى ئەو 10 هەزار سەربازە لەنێو یاسای بودجەى عێراقى بۆ ساڵانى 2023، 2024، 2025 جێگیر کراوە.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکرد کە هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان دەتوانن داواکارى پێشکێش بکەن بۆ دامەزراندنیان وەک سەرباز لە ریزى سوپا، بەڵام ئەگەر هەیە ببرێنە پارێزگا هاوسنوورەکانى هەرێمى کوردستان لە نەینەوا و کەرکووک و سەلاحەدین و دیالە.
سوپاى عێراق بە هەموو پێکهاتەکانى وشکانى، ئاسمانى و دەریاییەوە لە 56 لیوا پێکدێت کە ژمارەى سەرباز و کارمەندانى مەدەنییان دەگاتە زیاتر لە 200 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ