عێراق
ئێستا گەشتەکان رۆژانەیە و دوای چلەى ئیمام حوسێن گەشتەکان کەم دەکرێتەوە بۆ سێ گەشت لە هەفتەیەکدا
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لەدواى 20 ساڵ، گەشتى ئاسمانیى نێوان عێراق و عومان دەستیپێکردەوە، سەرەتا گەشتەکان بەبۆنەى چلەى ئیمام حوسێن رۆژانە دەبێت و دواتر کەم دەبێتەوە بۆ سێ گەشت لە هەفتەیەکدا.
رۆژی پێنجشەممە 31ى ئابى 2023 وەزارەتى گواستنەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکردنەوەى گەشتى نێوان عێراق و عومانى راگەیاند و دەڵێت، "لەدواى 20 ساڵ یەکەم فڕۆکەى مەدەنیى عومان لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا نیشتەوە، کە ژمارەیەک سەرنشینى گواستبووەوە."
لەدواى دەستپێکردنى پرۆسەى ئازادکردنى عێراق لە ساڵى 2003، گەشتى ئاسمانیى نێوان عومان و عێراق راگیرا، ئەوەش بەهۆى راوەستانى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى بەغدا.
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند، بەبۆنەى چلەى ئیمام حوسێن کە لە 6ى ئەیلوول بەڕێوەدەچێت، رۆژانە گەشتى فڕۆکەوانى لەنێوان عێراق و عومان دەکرێت، دواتر کەم دەکرێتەوە بۆ سێ گەشت لە هەفتەیەکدا.
بەشێک لە هاووڵاتییانى عومان شیعەن و بەشداری لە سرووتە تایبەتەکانى ئەو مەزهەبە لە عێراق دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ