لە نەینەوا ئەو گەنجانەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە دەکرێنە پۆلیس

31-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای نەینەوا ئەو گەنجانەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە و مەرجی شیاندیان تێدایە، دەکرێنە پۆلیس. سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: پرۆسەکە دەستیپێکردووە.

رۆژی شەممە، 31-08-2024، محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە پارێزگای نەینەوا پرۆسەی وەرگرتنی ئەو کەسانە دەستیپێکردووە، کە گەنجن و مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە بۆ ئەوەی ببنە پۆلیس.  
 
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: ئەمانە مانگانە 250 هەزار دینار مووچەی چاودێریی کۆمەڵایاتییان هەیە، ئەگەر لە لیژنەی چاوپێککەوتن دەربچن، دەکرێنە پۆلیس و مووچەکەیان دەبێتە 500 هەزار دینار، دوای سێ بۆ چوار ساڵی دیکە دەبنە فەرمی.
 
محەممەد کاکەیی گوتی: چاودێریی کۆمەڵایەتیی نەینەوا، بەش بەش ناوی ئارەزوومەندان بە لیست رەوانەی پۆلیسی نەینەوا دەکات، ئەوانیش چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکەن، ئەگەر تەمەن و توانای جەستەییان گونجاو بێت و هیچ کێشەیەکیان نەبێت و لە تاقیکردنەوە دەربچن، دەکرێنە پۆلیسی خۆجێیی نەینەوا.
 
هەر لە چوارچێوەی زیادکردنی ژمارەی پۆلیسی خۆجێی نەینەوا، 1200 پۆلیسی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەگوازرێنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەینەوا کە 250 تاوەکو 300 کەسیان کوردن. 
 
محەممەد جاسم کاکەیی رۆژی پێنجشەممە، 29-08-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ رادەستکردنەوەی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگای نەینەوا، لیوای 25 پۆلیسی فیدراڵی کە لە چوار فەوج پێکهاتووە، لەگەڵ دوو فەوجی دیکە دەگەڕێندرێنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی خۆجێیی نەینەوا. 
 
پێشتر ئەو کەسانە لە پارێزگای نەینەوا بوون، بەڵام دواتر بۆ سەر پۆلیسی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوێزرانەوە و زۆرجار کاریان لە دەرەوەی نەینەوا بوو، لەوانەش پارێزگاکانی باشووری عێراق، بەڵام دوای گەڕانەوەیان ئەرکیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەبێ و دەبنە پۆلیسی پارێزگای نەینەوا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە