رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەربژێرانی بەرەی گەل کێشەی یاساییان نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ جاری سێیەم ئامێرەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تاقیکرانەوە، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەچوو، ئامێرەکان و فەرمانبەران بە باشی ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد و ئەزموونێکی سەرکەوتوو بوو، هاوشێوەی تاقیکردنەوەکانی پێشوو."
41 هەزار وێستگە و زیاتر لە 21 ملیۆن دەنگدەر دەتوانن دەنگ بدەن. عیماد جەمیل گوتی، تاقیکردنەوەیەکی دیکە بۆ پشکنینی ناوەندی گواستنەوەی زانیارییەکان دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەی زانیارییەکان لە وێستگەکانەوە بۆ سێرڤەرەکان.
عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەدا کۆمیسیۆن 72 کاژێر پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئامێر و کەرەستەکان بەسەر ناوەندەکاندا دابەش دەکات.
زیاتر لە 21 ملیۆن و 700 هەزار کەس ناویان تۆمارکراوە و کارتی بایۆمەترییان هەیە و مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 17 ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە. کۆمیسیۆن پلانی هەیە بۆ دابەشکردنی ئەو کارتانەی کە تاوەکو ئێستا وەرنەگیراونەتەوە.
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن گوتی، تائێستا هیچ کێشەیەک لە ئامێرەکانی دەنگدان لە قۆناخەکانی دەنگدان، جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکاندا دەرنەکەوتووە." گوتیشی: "رێکاری ئەمنی پێویستمان گرتووەتەبەر کە رێگری لە دزەکردن و هاککردنی ئامێرەکە دەگرێت."
بەربژێرانی بەرەی گەل کێشەی یاساییان نییە
بەرەی گەل، کە لەلایەن لاهوور شێخ جەنگی دامەزراوە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداربوو، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش لیستی هەیە.
لەبارەی چارەنووسی لیستەکە دوای دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی لە 22ی ئاب لە سلێمانی، عیماد جەمیل گوتی: "بەربژێرانی بەرەی گەل هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە. دۆخیان وەکو هەموو بەربژێرەکانی دیکەیە، بەردەوامن لە بانگەشەی هەڵبژاردن و هیچ کێشەیەکیان نییە و بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوودا دەکەن."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی 11ی ئەم ساڵ بکرێت.
پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت کە 320یان گشتی و 9یان کۆتان.
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ