رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵای فیدراڵیى عێراق، سکاڵایەکى سوودانى لە دژى حەوت بڕگە و مادەیەکى یاسای بودجە رەتکردەوە، کە یەکێکیان تایبەت بوو بە خەرجکردنى 100 ملیار دینار وەک زیادەى مووچەى کارمەندانى دەستەى حەشدی شەعبی.
رۆژی 30ى تشرینى یەکەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، تاوتوێى سکاڵایەکى کرد کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆماری کردبوو دژ بە حەوت بڕگە و یەک مادەى یاساى بودجەى گشتى.
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رایگەیاند، ئەو سکاڵایەى رەتکردووەتەوە بەپاساوى ئەوەى سکاڵاکە پێچەوانەى مادەى 22ى پەیڕەوى ناوخۆى دادگەکەیە.
بەگوێرەى مادەى 22ى پەیڕەوى ناوخۆى دادگەى فیدراڵى عێراق ئەو تانانەى لە دژى یاساى بودجە پیشکێش بەو دادگەیە دەکرێن، نابێت 30 رۆژ بەسەر بڵاوکردنەوەى یاساکە لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى تێپەڕبووبێت.
هەندێک لە سکاڵاکان دژى چەند بڕگەیەکى مادەى 2ى یاساى بودجە بوون، کە تایبەتن بە سەرپشککردنى پارێزگار و سەرۆکى سندووقەکان بە ئەنجامدانى گرێبەستى راستەوخۆ بۆ ئەو پڕۆژانەى کە پارەکەیان تاوەکو شەش تریلیۆن دینار دەڕوات، هەروەها تەرخانکردنى 50٪ى پڕۆژەکان بۆ قەزا و ناحیەکان بەگوێرەى رێژەى دانیشتووان؛ دەستەواژەى "بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان" کە لە سێ بڕگەى مادەى دوو و بڕگەیەکى مادەى 14ى یاسای بودجەدا هاتووە، کە تایبەتن بە دامەزراندنى 37,100 پۆلیس بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووانى پارێزگاکان.
مادە 69ى یاساى بودجەى گشتى یەکێکى دیکە بوو لەو مادانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق سکاڵاى دژی تۆمار کردووە، کە تایبەتە بە تەرخانکردنى 100 ملیار دینار بۆ دەستەى حەشدی شەعبی بۆ خەرجکردنى زیادەى مووچەى کارمەندانى دەستەکە لە ساڵانى رابردوودا، بەشێوەیەک وەزارەتى دارایی بۆ بودجەى ساڵانى 2024 و 2025 پارە بۆ ئەو قەرەبووکردنەوەیە تەرخان بکات.
پێشتر لە 7ى ئابى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەسەر سکاڵایەکى محەممەد شیاع سوودانی بڕیاریدا بە نادەستووریبوونى ژمارەیەک مادە و دەستەواژەى نێو یاساى بودجە لەوانە دەستەواژەى دەسەڵاتى تایبەتى پارێزگار بۆ گرێبەستکردن لە چوارچێوەى یاسای وەبەرهێنان، لێبڕینى بەشێک لە مووچەى دەوڵەت بۆ سندووقى شەهیدان و لێبڕین لە مووچەى فەرمانبەران و تەرخانکردنى بڕێک پارە بۆ پەرەپێدانى پارێزگاکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ