دەرگاى تانەدان لە ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان داخرا

31-12-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەرگاى تانەدان لە ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق داخرا. بە گوتەى ئەندامێکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆن، زیاتر لە 100 تانە پێشکێش کراون، بڕیارە لە ماوەى 10 رۆژدا دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆن بڕیار لەسەر تانەکان بدات.
 
31ـی کانوونى یەکەمى 2023، محەممەد یونس، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دەرگەى وەرگرتنى تانەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان داخرا و لە یەکى کانوونى دووەمى 2024ـەوە دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆن دەستدەکات بە تاوتوێکردنى تانەکان و جیاکردنەوەیان بە گوێرەى دروستى و نادروستی-یان."
 
28ـی کانوونى یەکەمى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە، لە 29ـی کانوونى یەکەمەوە بۆ ماوەى سێ رۆژ دەرگەى تانەدان لەو ئەنجامانە کرایەوە.
 
بە گوێرەى بڕگەى سێ لە مادەى 20ی یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، دەبێت دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆن لە ماوەى 10 رۆژ لە داخستنى دەرگەى تانەکان، وەڵامى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بداتەوە لەبارەى ئەو تانانەوە کە پێشکێش کراون. 
 
 31ـی کانوونى یەکەم، حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، زیاتر لە 100 تانە لە ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دراون و لە دواى ئەو 10 رۆژەى دیاری کراوە بۆ یەکلاکردنەوەى تانەکان و گەڕاندنەوەى، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان ئەنجامى پەسندکراو لە ماوەى 15 رۆژدا بڵاودەکاتەوە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە