رووداو دیجیتاڵ
لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن سەبارەت بە هەوڵەکانی محەممەد شیاع سوودانی بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەرگە بۆ گفتوگۆ کراوەیە ئەگەر ئەنجامی هەبێت، بەڵام جەختی کردەوە میلیشیاکان نابێت لە حکومەتدا بن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامەکەیدا بۆ رووداو دەڵێت: "ئەندامانی ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتیوانییان دەکات، نابێت هیچ شوێنێکیان لە حکومەتی عێراقدا هەبێت، لانیکەم لەبەرئەوەی ئەوان کار بۆ عێراق یان بۆ گەلی عێراق ناکەن."
لە وەڵامەکەدا هاتووە: "ئەوان [میلیشیاکان] سەروەریی عێراق لاواز دەکەن، هەڕەشەن بۆ سەر ئەمریکا و عێراقییەکان و سەرچاوەکانی عێراق بۆ ئێران تاڵان دەکەن."
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بە هەڵوێستی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە دەکات و دەڵێت: "وەک چۆن وەزیر روبیۆ بە روونی رایگەیاندووە، دەبێت ئەو میلیشیایانەی ئێران پاڵپشتییان دەکات چەک بکرێن و هەڵبوەشێندرێنەوە."
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن دەیەوێت ئەو گرووپانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن لە حکومەتی داهاتووی عێراق دووربخرێنەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە بەغدا لە هەوڵی پێکهێنانی کابینەیەکی نوێدایە لەژێر گوشاری چڕی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی تاران.
واشنتن گوشارەکانی بۆ سەر بەغدا زیاد کردووە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی تاران و سنووردارکردنی رۆڵی گرووپە چەکدارەکان و راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرووپە چەکدارەکان دەکات تەنانەت ئەو لایەنانەش کە بە فەرمی لە چوارچێوەی دەوڵەتدان وەک حەشدی شەعبی.
چەند باڵێکی سیاسی گرووپە چەکدارەکان لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمدا کورسییان بەدەستهێناوە، لەوانە فراکسیۆنی سادیقوون کە سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەقە و لەلایەن ئەمریکاوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە و 27 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، هەروەها عەدنان فەیحان، ئەندامی ئەم فراکسیۆنە رۆژی دووشەممە وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
پێشتر، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاندبوو، چەند گرووپێک لەوانە عەسائیب و کەتائیبی ئیمام عەلی و کەتائیبی سەیدولشوهەدا پابەندبوونی خۆیان دەربڕیوە کە چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت.
بەڵام سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی سادیقوون رایگەیاند، ئەم هەنگاوە لەسەر رێنمایی مەرجەعیەتی ئایینییە و ئامانج لێی بەهێزکردنی متمانەیە بە حەشد و هێزە ئەمنییەکان.
بەڵام بەرپرسێکی باڵای کەتائیبی سەیدولشوهەدا بەبێ ناوهێنان رایگەیاند، هیچ پلانێکیان نییە بۆ دانانی چەک و ئەم بابەتە لەناو خۆیاندا باس نەکراوە. هەروەها کەتائیبی حزبوڵڵا کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک تیرۆریست ناسێنراوە، بە ئاشکرا بیرۆکەی داماڵینی چەکی رەتکردووەتەوە.
سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند: "سەرۆک ترەمپ ئامادەیی نیشانداوە بۆ دانوستاندنێک کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە پیتاندنی ئەتۆمیی ئێران، کۆتاییهێنان بە بەرنامە مووشەکە بالیستییەکەیان و کۆتاییهێنان بە پشتیوانییەکانیان بۆ گرووپە تیرۆریستە بە وەکالەتەکانیان."
لە کۆتایی وەڵامەکەدا هاتووە: "دەرگە کراوەیە، بەڵام ئێران بەردەوامە لە رەتکردنەوەی دانوستاندنی نیازپاکانە."
بەر لە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، پێنج گەڕی دانوستاندنی ئەتۆمی لەنێوان تاران و واشنتن بەڕێوەچوو. وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، دوای جەنگەکە ئەمریکا پێداگر بووە لە دەستپێکردنەوەی دانوستاندن، ''بەڵام ئەم پێداگرییە بە شێوەیەکی هەڵە دەکرا. چونکە پێویستە دانوستاندن لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر بێ، نەوەک سەپاندنی داواکارییەکان.''
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی میدیاییدا کە رۆژی یەکشەممە 21-12-2025 پەخشکرا رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی ئەمریکاوە، زیانی بەرچاو بەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی وڵاتەکەی کەوتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەکارهێنانی ''ئاشتییانە''ـی وەزەی ئەتۆم هەڵناگرن.
''ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ هەیە''
عەباس عێراقچی ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگێکی بەرفراوانی هاوشێوەی حوزەیرانی 2025 لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا رەتناکاتەوە و دەڵێت، ''بێگومان ئێمە ئەو ئەگەرە رەتناکەینەوە، بەڵام بە تەواوی ئامادەییمان هەیە، تەنانەت ئامادەتر لە جاری پێشوو.''
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، ''ئامادەییمان بە واتای پێشوازیکردن لە جەنگ نییە، بەڵکو ئامانج رێگری لە دروستبوونی جەنگە. ئەگەر لایەنی بەرامبەر بیەوێت هێرش بکاتەوە، دووبارە شکست دەهێنێت.''
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار رایگەیاندووە، ئەگەر ئێران بەدوای نۆژەنکردنەوەی بنکە ئەتۆمییەکان و گەڕاندنەوەی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمەوە بێ، دووبارە هێرشی دەکرێتەوە سەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ