وەزارەتی ناوخۆی سووریا: داعش پلانی هەبوو شەوی سەری ساڵ هێرش بکاتە سەر ژمارەیەک کەنیسە

01-01-2026
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێ، ئەو خۆکوژەی کە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی لە حەلەب لە شەوی سەری ساڵدا کوشت، سەر بە رێکخراوی داعش بوو و پلانی هێرشکردنە سەر ژمارەیەک کەنیسە و گردبوونەوەی لە ژمارەیەک پارێزگای دیکە داڕشتبوو.
 
رۆژی پێنجشەممە، 1ی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، زانیارییان هەبوو کە داعش پلانی "کردەی خۆکوژی و هێرشی بۆ سەر ئاهەنگەکانی سەری ساڵ لە ژمارەیەک پارێزگا، بەتایبەتی حەلەب، لە رێگەی بەئامانجگرتنی کەنیسە و شوێنە گشتییەکانی گردبوونەوەی هاووڵاتییانی سڤیل" داڕشتبوو، ئەوەش بووەهۆی تووندکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە گەڕەکی بابلفەرەجی حەلەب، ئەفسەرێک "گومانی لە کەسێک کردووە کە دواتر دەرکەوتووە سەر بە داعشە" و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، پیاوەکە "تەقەی کردووە کە بووەتەهۆی شەهیدبوونی یەکێک لە ئەفسەرانی پۆلیس، پاشان خۆی تەقاندووەتەوە و بووەتەهۆی برینداربوونی دوو ئەفسەر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ دەستگیرکردنی".
 
لە 13ی کانوونی یەکەمدا، دوو سەربازی ئەمریکی و مەدەنییەکی ئەمریکی لە هێرشێکدا کوژران. واشنتن داعشی بەو هێرشە تۆمەتبارکرد. لە وەڵامی ئەوەدا، هێزەکانی ئەمریکا ژمارەیەک ئامانجی داعشیان لە سووریا بۆردوومانکرد. بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، هێرشەکانی ئەمریکا پێنج ئەندامی ئەو رێکخراوەیان کوشتووە.
 
دەسەڵاتدارانی سووریاش لەو کاتەوە چەند ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە و لە 25ی کانوونی یەکەمدا رایانگەیاند، سەرکردەیەکی باڵای ئەو رێکخراوە پەڕگیرەیان کوشتووە.
 
لە تشرینی دووەمدا و لە کاتی سەردانێکی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ واشنتن، سووریا پەیوەندی بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەسەدە

مەسەدە: دۆخی بژێوی و ئابووریی سووریا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لەبارەی "تێکچوونی خێرای دۆخی بژێوی و ئابووری لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا" راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، پرسی نانی خەڵک، ئاسایشی خۆراک و تەندروستی لە پێشینەی کارە نیشتمانییەکانە و چیدی قابیلی دواخستن و پشتگوێخستن نییە