رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل فەرمانیان بە سوپا کردووە "ئامادەکاری بۆ بەرگری" لە دروزەکان بکەن کە لەلایەن "رژێمەوە (سووریا) هێرشیان دەکرێتە سەر."
رۆژی 1ـی ئاداری 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی سووریا فەرمانیان بە سوپای وڵاتەکەیان کرد ئامادەکاری بۆ بەرگری لە دروزەکانی شاری جەرەمانەی سەر بە پارێزگای گوندەواری دیمەشق بکات.
نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئێستا شارەکە لەلایەن هێزەکانی رژێمی سووریاوە هێرشی دەکرێتەسەر".
لەوبارەیەوە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "رێگەنادەین رژێمی تووندڕەوی ئیسلامی لە سووریا زیان بە دروزەکان بگەیێنێت". دەشڵێت، "ئەگەر رژێم (ـی سووریا) زیان بە دروزەکان بگەیێنێت، لەلایەن ئێمەوە هێرشی دەکرێتەسەر."
دروزییەکان نزیکەی 4٪ـی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنن و پارێزگای سوەیدا چەقی ناوچەکەیانە. ئەوان موسڵمانن و خاوەن مەزهەبێکی تایبەتی خۆیانن کە بە تائیفەی موەحدین ناسراون.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "پابەندین بە برا دروزەکانمان لە ئیسرائیل، هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی برایانی دروز لە سووریا بپارێزین و هەموو هەنگاوێکی پێویستیش بۆ پاراستنیان دەگرینەبەر."
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، لە شاری جەرمانە هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا هێرشیانکردووەتە سەر ژمارەیەک چەکداری شارەکە کە سەرقاڵی چالاکییەکی ئەمنی بوون.
رۆژی یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتی بەشداریکردن لە رێوڕەسمێکی تایبەت بەو سەربازانەی بەشداریی جەنگەکانی وڵاتەکەیان کردووە لە قودس-ئۆرشەلیم گوتی، "رێگە بە هێزەکانی دەستەی تەحریر شام و سوپای نوێی سووریا نادەین بێنە ناوچەکانی باشووری دیمەشقەوە". دەشڵێت، "داوای لە چەکداماڵینی باشووری سووریا دەکەین."
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی سووریا حکومەتی ئەسەدیان رووخاند. رۆژی دواتر، سوپای ئیسرائیل چووە نێو خاکی سووریا و بەشێکی باشووری وڵاتەکەی کۆنترۆڵکرد.
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، مانەوەیان لە باشووری سووریا بۆ پاراستنی دانیشتووانی بەرزاییەکانی گۆلان و هاووڵاتییانیانە لە باکووری ئیسرائیل. ئاماژە بەوەش دەکەن، رووبەڕووی هەر گرووپێکی چەکدار دەبنەوە بییەوێت ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ