CPJ داوای ئازادکردنی رۆژنامەڤانێکی کورد لە سووریا دەکات

01-07-2025
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوێکی رۆژنامەڤانی سەربەخۆ داوای ئازادکردنی حەسەن زازا، رۆژنامەڤانی سووریایی بە رەچەڵەک کورد دەکات و دەڵێت: "دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەڤانە بە شێوەیەکی نهێنی بەبێ ئاشکراکردنی هۆکارەکان، بەشێكە لە سیاسەتێکی داڕێژراو بۆ ترساندنی  کاری رۆژنامەڤانی".
 
رۆژی دووشەممە، 30-6-2025،  لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان، ناسراو بە CPJ کە رێكخراوێكی سەربەخۆی ئەمریکییە و بارەگای لە شاری نیویۆرکە داوای لە دەسەڵاتی کاتی سووریا دەکات روونکردنەوە لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنی حەسەن زازا بدات.
 
 
رۆژی هەینی، 27-6-2025؛ حەسەن زازا ئەندامی یەکێتی راگەیاندنی ئازاد و نوێنەری فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی راگەیاندنی عەرەبی سوریا لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریاوە دەستگیرکرا.
 
بە گوێرەی راگەیاندنی"یەکێتی راگەیاندنی ئازاد"، زازا لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزراوەتەوە بەبێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا بکرێت.
 
زازا کە ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی یەکێتی راگەیاندنی ئازادە، هاوکات خاوەن و سەرنووسەری ماڵپەڕی "نوس سۆشیال"ی تایبەت بە هەواڵە.
 
سارە قوزات، سەرۆکی هەرێمی لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانانە لە راگەیێندراوێكیدا داوای لە حکومەتی سووریا کرد: "دەستبەجێ شوێنی زازا ئاشکرا بکات و گارانتی سەلامەتی بکات و سەرجەم تۆمەتە ئاراستەکراوەکان هەڵبوەشێندرێنەوە کە لە پاڵ کاری رۆژنامەڤانیی زازاوە نراون".
 
محەمەد ساڵح، بەڕێوەبەری پەیوەندی میدیای وەزارەتی راگەیاندنی سووریا رایگەیاند: "بابەتەکە پەیوەندی بە نیگەرانی ئەمنییەوە هەیە و بە کاری رۆژنامەڤانییەوە نەبەستراوەتەوە". گوتیشی" سەرپشک نەکراوم بە پێدانی وردەکاری زیاتر لەسەر ئەو بابەتە، چونکە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەیە. ئەگەر هیچ شتێك لە دژ زازا نە سەلمێندرێت بە ئەگەری زۆرەوە تاوەکو کۆتایی هەفتە ئازاد دەکرێت".
 
بەر لە رووخانی ئەسەد، زازا نیشتەجێی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێڤەبەری خۆسەر بووە و لەگەڵ کەناڵی "رووناهی" کاری رۆژنامەڤانی کردووە، لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی پار، زازا گەڕایەوە بۆ دیمەشق.
 
لە ئایاری ئەمساڵدا، رێکخراوی رۆژنامەڤانانی بێسنوور رایگەیاند: "سەرەڕای کۆتاییهاتنی پێنج دەیە لە سەرکوتکاری دڕندەی رۆژنامەڤانی لە سووریا، هێشتا بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و گوشاری ئابووری و سەختی ژیان و گوزەران، ئەو ئازادییەی کە رۆژنامەڤانان بە دەستیان هێناوە، ناجێگیر و فشۆڵە".
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە