رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر پێگەیەکی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا، ئەوەش دوای ئەوە هات کە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی کرد ئەگەر حکومەتی سووریا دروزەکان نەپارێزێت، دەستوەردان دەکەن.
رۆژی هەینی دووی ئایاری 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "فڕۆکە جەنگییەکان شوێنێکیان لە تەنیشت کۆشکی سەرۆکایەتی بۆردوومان کردووە."
ئیسرائیل هێزە نوێیەکانی سووریا وەکو هێزی جیهادی دەبینێت و هۆشداری داونەتێ بۆ ئەوەی دروزەکان بپارێزن.
هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "ئیسرائیل شەوی رابردوو لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق هێرشێکی ئاسمانی کرد. ئەمە پەیامێکی روونە بۆ رژێمی سووریا، رێگە نادەین هێزەکانی [سووریا] لە باشووری دیمەشق بڵاوببنەوە یان هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر کۆمەڵگەی دروز دروست ببێت."
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی دیمەشق هیچ راگەیێندراوێکیان لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل رانەگەیاندووە.
هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل دووەم هێرشی سوپای ئیسرائیلە لەم هەفتەیە دەیکاتە سەر سووریا.
هێرشەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن، لە دوو رۆژی رابردوو شەڕی خوێناوی لەنێوان چەکدارانی دروز و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق دروستبوو و دەیان کەس کوژران.
دوای ئەوەی کە تۆمارێکی دەنگی بڵاوبووەوە کە گوایە تێیدا کەسێکی دروزی سووکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام دەکات، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، لە شاری جەرەمانا کە دروزی و کرستیانەکان تێیدا نیشتەجێن، شەڕ هەڵگیرسا.
بە گوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەو ماوەیەدا نزیکەی 100 کەس کوژراون.
رۆژانی سێشەمە و چوارشەممە، لە جەرەمانا 30 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی بەرگریی سووریا، 15 چەکداری دروزی و کەسێکی سڤیل کوژران. هەروەها رۆژی چوارشەممە، لە پارێزگەی سوەیدا لە باشوور، 27 چەکداری دروزی کوژران، 23 لەوانە لەسەر رێگەی سوەیدا کەوتبوونە "بۆسەیەکەوە".
شێخ حیکمەت هاجەری کە بە رێبەری رووحیی دروزەکانی سووریا دادەنرێت، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەوەی لە جەرەمانا و سەحنایا لە نزیک دیمەشق روویداوە، "هێرشی جینۆسایدی ناڕەوایە" دژی "ئەو خەڵکەی ئاشتییانە لە ماڵەوە دانیشتوون."
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "هەر داوایەک بۆ دەستوەردانی دەرەکی، بە هەر پاساو و ناونیشانێک بێت، جگە لە نائارامی و دووبەرەکیی زیاتر، هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە."
شەیبانی هۆشداریشی دا لەوەی کە "ئەو کەسەی داوای ئەم جۆرە دەستوەردانە دەکات، لە بەرامبەر سووریاییەکان و مێژوو دەکەوێتە ژێر بەرپرسیارێتیی مێژوویی، ئەخلاقی و سیاسی، چونکە ئەنجامی ئەم جۆرە داواکارییانە تەنیا وێرانکارییەکی هەنووکەیی نابێت، بەڵکو بۆ چەندین دەیە لە پەرتەوازەیی، لاوازی و دووبەرەکی، درێژ دەبێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ