هێزی دروزەکانی سووریا: بەرپەرچی هەر دووژمنکارییەک دەدەینەوە

02-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی سەربازیی سوەیدا، کە لە کۆمەڵێک هێزی دروزی سووریا پێکدێت، دەڵێت، رێگە بە هێزەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا نادەن بچنە ناوچەکەیان و دەڵێت، "بەوپەڕی هێزەوە وەڵامی هەر دووژمنکارییەکی داهاتوو دەدەینەوە."
 
راگەیێندراوەکە دوای ئەوە هات کە لە شەڕ و پێکدادانی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیەدا لەنێوان چەکدارانی دروز و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق زیاتر لە 100 کەس کوژران.
 
چی روویدا؟
 
دوای ئەوەی تۆمارێکی دەنگی بڵاوبووەوە کە گوایە تێیدا کەسێکی دروزی سووکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام موحەممەد (د. خ) دەکات، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، لە شاری جەرەمانا کە دروزی و کریستیانەکان تێیدا نیشتەجێن، شەڕ هەڵگیرسا.
 
شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، شەڕەکە پەرەیسەند بۆ ناوچەی سەحنایا، کە ئەوێش دروزی و کریستیانی لێیە.
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لەو دوو رۆژەدا 102 کەس کوژران؛ لە جەرەمانا لە نزیک دیمەشق 30 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و سەربازی وەزارەتی بەرگریی سووریا لە بەرامبەر 21 چەکداری دروزی و 11 کەسی سڤیل کوژران؛ 40 چەکداری دیکەی دروزی لە پارێزگەی سوەیدا کوژران.
 
ئەنجوومەنی سەربازیی سوەیدا داوای چی دەکات؟
 
شێخ حیکمەت هەجەری، سەرکردەی باڵای دروزەکان، رۆژی پێنجشەممە داوایکرد، "هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی" بچێتە سووریا بۆ ئەوەی پێکهاتەکەیان بپارێزێت. دیمەشق دژایەتیی خۆی بۆ داواکارییەکە دەربڕی و رایگەیاند، ئەوە تەنیا دەبێتە هۆی "دووبەرەکیی زیاتر."
 
هەجەری کە بە رێبەری رووحیی دروزەکانی سووریا دادەنرێت، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەوەی لە جەرەمانا و سەحنایا لە نزیک دیمەشق روویدا، "هێرشی جینۆسایدی ناڕەوایە" بەرامبەر "ئەو کەسانەی ئاشتییانە لە ماڵەوە دانیشتوون."
 
ئەنجوومەنی سەربازیی سوەیدا پشتیوانیی خۆی بۆ داواکارییەکەی هەجەری دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت، "بۆ وەستاندنی خوێنڕێژی، داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەین، لە ژێر سەرپەرشتیی هێزە نێودەوڵەتییە بێلایەنەکان، ناوچەی ئارام لە سوەیدا و ناوچەکانی دەوروبەری دروست بکات."
 
هەروەها داوا لە کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکات "تیمی لێکۆڵینەوەی بەپەلە بنێرێت بۆ تۆمارکردنی تاوانەکان و لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان لە دادگەیەکی نێودەوڵەتی."
 
هاوپەیمانییە سەربازییەکە کە لە 24ی شوبات بە سەرکردایەتیی ئەفسەرێکی سوپای پێشووی سووریا لە ژمارەیەک هێزی چەکداری دروزی پێکهێندراوە و لە لایەن هەجەرییەوە پشتیوانی دەکرێت، دەڵێت، "رێگە نادەین ناوچەی چیای عەرەب رادەستی دەستەی تەحریری شامی تیرۆریست بکرێت و بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان رێگە نادەین هێزی بەناو ئاسایشی گشتی بێنە نێو چیای عەرەب" کە ناوچەیەکی شاخاوی سنووری پارێزگەی سوەیدایە لە باشووری سووریا و شوێنی سەرەکی دورزییەکانە.
 
هەڵوێستی دیمەشق چییە؟
 
رۆژی پێنجشەممە، دیمەشق دژایەتیی خۆی بۆ داواکاریی رێبەری رۆحی دروزەکان نیشاندا.
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "هەر داوایەک بۆ دەستوەردانی دەرەکی، بە هەر پاساو و ناونیشانێک بێت، جگە لە نائارامی و دووبەرەکیی زیاتر، هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە."
 
شەیبانی هۆشداریشی دا لەوەی، "ئەو کەسەی داوای ئەم جۆرە دەستوەردانە دەکات، لە بەرامبەر سووریاییەکان و مێژوو دەکەوێتە بەردەم بەرپرسیارێتیی مێژوویی، ئەخلاقی و سیاسی، چونکە ئەنجامی ئەم جۆرە داواکارییانە تەنیا وێرانکارییەکی هەنووکەیی نابێت، بەڵکو بۆ چەنشەیبانی هۆشداریشی دا لەوەی کە "ئەو کەسەی داوای ئەم جۆرە دەستوەردانە دەکات، لە بەرامبەر سووریاییەکان و مێژوو دەکەوێتە بەردەم بەرپرسیارێتیی مێژوویی، ئەخلاقی و سیاسی، چونکە ئەنجامی ئەم جۆرە داواکارییانە تەنیا وێرانکارییەکی هەنووکەیی نابێت، بەڵکو بۆ چەندین دەیە لە پەرتەوازەیی، لاوازی و دووبەرەکی، درێژ دەبێتەوە."
 
"بەئامانجکردنی نەخشە بۆ دانراو"
 
ئەنجوومەنی سەربازیی سوەیدا هێزە ئەمنی و بەرگرییەکانی سووریا تۆمەتبار دەکات بە "تاوانی جەنگیی نەخشە بۆ دانراو بەرامبەر خەڵکی سڤیلی دروز لە شاری سەحنایا، لە نێویاندا کوشتنی هەڕەمەکیی خەڵکی سڤیلی بێچەک بە هاندەری تایفی؛ دەستگیرکردنی رەشبگیرانە و سووکایەتیکردن بە شێخەکانی تایفەی دروزی و هێما و پیرۆزییەکانی."
 
رێبەری رۆحیی دروزەکان، شەڕ و پێکدادانەکانی بە "هێرشی جینۆساید" ناوبردووە.
 
رۆڵی ئیسرائیل
 
ئیسرائیل کە سەرکردەکانی حکومەتی نوێی سووریا بە جیهادی دەبینێت و لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی دووەمەوە رووبەرێکی فراوانتری سووریای داگیرکردووە، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر شوێنێکی نزیک لە کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا لە دیمەشق، ئەوەش دوای ئەوەی جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی پێکهاتەکانی سووریا، بە تایبەتی دروزەکان، لە رژێمی سووریا و دەستە تیرۆریستەکانی جێبەجێ بکات."
 
ئیسرائیل لە ماوەی شەڕەکەشدا هێرشی کردە سەر هێزەکانی سەر بە دیمەشق.
 
رۆژی چوارشەممە، سوپاکەی گوتی، لەلایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە فەرمانی پێکراوە هێزەکانی حکومەتی سووریا بکاتە ئامانج "ئەگەر تووندوتیژی بەرامبەر دروزەکان بەردەوام بوو."
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هۆشداریی روون بە رژێمی سووریا دراوە. ئیسرائیل چاوەڕێی ئەوەیان لێ دەکات بۆ پاراستنی دروزەکان هەنگاو بنێن."
 
ئاگربەست
 
رۆژی چوارشەممە، نوێنەرانی دروزی و بەرپرسانی حکومەتی دیمەشق کۆبوونەوە و ئاگربەستیان لە هەردوو ناوچەکەی نزیک دیمەشق راگەیاند.
 
هەمان رۆژ، حکومەتی دیمەشق رایگەیاند، بۆ پاراستنی ئارامی، هێزەکانیان لە سەحنایا جێگیر بوون؛ گوتیشی، ئەوانەی شەڕەکەیان ناوەتەوە "گرووپی لەیاسا دەرچوون."
 
هەر بەهۆی ئەو شەڕەوە کە هەڵگری سیمای تایفەگەری بوو، لە چەندین شوێنی دیکە پشێوی دروست بوو، لەوانەش لە سوەیدای زۆرینە دروزی.
 
روانگەی سووری و میدیای خۆجێیی پارێزگەکە باس لەوە دەکەن کە رۆژی چوارشەممە، هەندێ هێرشی سنووردار کراوەتە سەر چەند گوندێک.
 
بە گوێرەی سەرچاوەی نێوخۆیی، رۆژی چوارشەممە، پێش ئەوەی بە رێککەوتن هێزە ئەمنییەکان لە سەحنایا بڵاوبکرێنەوە، کاروانێکی دروزەکان لە سوەیداوە رۆیشتووە بۆ سەحنایا بۆ پشتیوانیکردن لە چەکداری دروزی، بەڵام کەوتووەتە بۆسەیەک و لانیکەم 23 کەسیان لێ کوژراون.
 
هەڵوێستی ئەمریکا
 
ئەمریکا کە تاوەکو ئێستا دانی بە حکومەتی راگوزەری نوێی سووریادا نەناوە، هۆشداری لە گرژییەکان دەدات.
 
رۆژی پێنجشەممە، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "لە نزیکەوە چاودێریی ئەو ناوچەیە دەکەین. ئاگاداری ئەو دۆخەین، لە نێویاندا تووندوتیژیی ئەم دواییەی دژی خەڵکی دروز."
 
برووس گوتیشی، "داوا لە حکومەتی کاتی دەکەین، ئەوانەی تووندوتیژیان کردووە و زیانیان بە خەڵکی سڤیل گەیاندووە، رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە و ئاسایشی هەموو سووریاییەکان گەرەنتی بکەن."
 
ئەم شەڕە خوێناوییەی نێوان هێزەکانی دیمەشق و دروزەکان زیاتر لە مانگێک دوای ئەوە دێت کە شەڕ و پێکدادان ناوچەی عەلەوییەکانی لە رۆژئاوای سووریا گرتەوە و تێیدا نزیکەی هەزار و 700 کەس کوژران، کە زۆربەیان عەلەوی بوون.
 
ئەم شەڕ و ناکۆکییانە نیشاندەری ئەو ئاڵەنگارییانەن دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا رووبەڕوویان دەبێتەوە، لە کاتێکدا هەوڵدەدات فەرمانڕەوایی خۆی بەسەر تەواوی وڵاتە فرەپێکهاتەکەدا بچەسپێنێت، دوای ئەوەی لە کانوونی یەکەمی پار کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێندرا.
 
رۆژی چوارشەممە، حکومەتی دیمەشق گوتی: "پابەندبوونی نەگۆڕی خۆمان بە پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بێ هیچ جیاکارییەک، لە نێویاندا پێکهاتەی دروزی، دووپاتدەکەینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە