ئەمنستی: هێزە ئەمنییەکانی سووریا 46 دروزیان گولـلەباران کردووە

02-09-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، بەدواداچوونێکی بۆ شەڕی نێوخۆی سووریا لە سوەیدا کردووە و رایگەیاند، 46 دروز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی سووریا گولـلەباران کراون. دەشڵێت، "چەند کەسێک لەنێو ئەو هێزە ئەمنییانە، لۆگۆی داعشیان پێوە بووە."
 
رێکخراوی لێبووری نێودەوڵەتی (Amnesty International)، راپۆرتەکەی ئەمڕۆ سێشەممە 02-09-2025 بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەڵگەی ئاشکرای دەستکەوتووە کە هێزەکانی سەر بە حکومەت [سووریا] و لایەنەکانی سەر بە حکومەت، دەیان کەسی دروزیان بەبێ دادگەیی کوشتووە.
 
"چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لۆگۆی داعشیان پێوە بووە"
 
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت، بەپێی ئەو بەڵگە و گرتە ڤیدیۆییانەی دەستیان کەوتووە، لە ماوەی شەڕی نێوخۆییدا لە سوەیدا، 46 کەس لە شوێنە گشتییەکان، ماڵ، قوتابخانە، نەخۆشخانە و هۆڵی ئاهەنگگێڕان لە پارێزگای سوەیدا گولـلەباران کراون.
 
رێکخراوەکە دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا، بە جلوبەرگی فەرمی و سەربازییەوە ئەو کارانەیان کردووە و بەشێکیشیان ئاڵا و لۆگۆی داعشیان پێوە بووە."
 
تووندوتیژییەکانی سوەیدا، لە 13ی تەممووزەوە لەنێوان دروزەکان، کە کەمینەیەکی ئایینین و عەرەبە دەشتەکییەکان سەریانهەڵدا. ئەم ململانێیە زۆر بە خێرایی فراوان بوو و حکومەتی سووریا، ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە ناوچەکانی دیکەی سووریاوە راکێشرانە ناو شەڕەکەوە.
 
سەرچاوە خۆجییەکانی سووریا رایانگەیاند، ناوی هەزار و 990 کەسیان تۆمار کردووە، کە لە تووندووتیژییەکاندا کوژراون، "لەوانەش 14 کەس لە دوای ئاگربەستەکەی 20ـی تەممووزەوە کوژراون."
 
لێپێچینەوە لەگەڵ سەربازەکان بکرێت
 
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، پێویستە حکومەتی سووریا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەندامانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەت بکات سەبارەت بە کوشتنە نایاساییەکانی پیاوان و ژنانی دروزی لە سوەیدا.
 
رێکخراوەکە "بەڵگەی نوێ و بەهێزی" کۆکردووەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن هێزەکانی حکومەت بەرپرسیار بوون لە لەسێدارەدانە نایاساییەکانی دروزەکان لە 15 و 16ی تەمووز لە سوەیدا.
 
رۆژی 31ی تەمووزی 2025، وەزارەتی دادی سووریا، لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی سوەیدا و لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسان.
 
دیانا سەمعان، لە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی توێژەرە و خەڵکی سووریایە. ئەو دەڵێت، "کاتێک هێزە ئەمنی یان سەربازییەکانی حکومەت بە ئەنقەست و نایاسایی کەسێک دەکوژن، یان بە هاوکاری و رەزامەندی حکومەت ئەم کارە دەکەن، ئەوە لەسێدارەدانی نایاساییە و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی تاوانە.
 
دیانا دەڵێت: "پێویستە حکومەتی سووریا بە خێرایی، سەربەخۆ، بێلایەن و روون، لێکۆڵینەوە لەم لەسێدارەدانانە بکات و تاوانباران لە دادگەییەکی دادپەروەرانەدا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بەبێ پەنابردنە بەر سزای لەسێدارەدان."
 
ئەو توێژەرە دەڵێت، "پێشێلکارییە ترسناکەکانی مافی مرۆڤ لە سوەیدا، جارێکی دیکە یادگارییەکی تاڵی کوشتنی لەسەر جیاوازیی تائیفی بیر هێنایەوە، کە هێزەکانی هانداوە بێ ترسی لێپێچینەوە، بکوژن. دوای کوشتنی سەدان هاووڵاتیی سڤیل لە کەمینەی عەلەوی و نەبوونی دادپەروەری، ئەم تووندوتیژییە دژی ئەندامانی کەمینەی دروزی کۆمەڵگەیەکی دیکە وێران دەکات، پشێوی زیاتر دروست دەکات و متمانە بە حکومەت کەم دەکاتەوە."
 
هێزە ئەمنییەکان درووشمی تائیفییان دژی دروزەکان گوتووەتەوە
 
رێکخراوی ئەمنستی دەڵێت، "لەو رۆژانی شەڕ و لەو کاتانەی ئەو خەڵکە گولـلەباران کراون، پیاوانی چەکدار لە سوەیدا درووشمی تائیفییان دژی ئەندامانی کۆمەڵگەی درزی بەرز کردووەتەوە و سووکایەتییان بە پیاوانی ئایینی کردووە، وەک بە زۆر تاشینی سمێڵیان."
 
رێکخراوەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ 13 کەسدا کردووە کە لە سوەیدا دەژین لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە لە دەرەوەی سوەیدا دەژین. لەنێو ئەو 15 چاوپێکەوتنەدا، "هەشت کەس ئەندامی خێزانەکانیان لە سێدارە درابوون، یەکێکیان شایەتی لەسێدارەدانی ئەندامانی خێزانەکەی بووە و ئەوی دیکەش شایەتی لەسێدارەدانی گرووپێک لە خەڵک بووە. پێنج کەس سەردانی شوێنی جیاوازی لەسێدارەدانیان کردووە و جەستەی ئەندامانی خێزانەکانیان و کەسانی دیکەیان بینیوە. دوو چاوپێکەوتنی دیکەش لەگەڵ خێزانەکانیان گیرابوون و بە چەک هەڕەشەیان لێکرابوو کاتێک چەکدارەکان بە جلی سەربازییەوە ماڵەکانیان پشکنی بوو."
 
بەشی بەڵگەکان لە تیمی لێکۆڵینەوەی دیجیتاڵیی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، 22  ڤیدیۆ و وێنەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە لە نێوان 15ی تەمووز و 10ی ئابدا لەگەڵ توێژەرانی بڵاوکراونەتەوە یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە.
 
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی هەروەها گوتەی شایەتحاڵان و ئەندامانی خێزانی ئەوانەی کە لە سێدارە دراون یان لە ڤیدیۆکاندا دەرکەوتوون کۆکردووەتەوە.
 
هەروەها راپۆرتی 'باوەڕپێکراوی' لەبارەی رفاندنەکانەوە وەرگرتووە کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی دروزی و چەکدارانی هۆزە بەدەوییەکانەوە لە نێوان 17 و 19ی تەمموزدا ئەنجامدراون و ئێستا لێکۆڵینەوە لەو راپۆرتانە دەکات.
 
لە 12ی ئابدا، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی نامەیەکی بۆ وەزیرانی ناوخۆ و بەرگریی سووریا نارد، کە زانیارییە سەرەتاییەکانی خۆی بڵاوکردووەتەوە و داوای زانیاریی زیاتری کردووە لەبارەی لێکۆڵینەوەی حکومەت لە رووداوەکان، لەوانەش رۆڵی هێزەکانی دەوڵەت، هەنگاوەکانی لێپێچینەوە لە تاوانباران و، ئەو رێوشوێنانەی کە پێش و دوای پێکدادانەکان گیراونەتەبەر بۆ پاراستنی خەڵک لە پێشێلکارییەکان. بەڵام رێکخراوەکە دەڵێت: "هیچ وەڵامێک تاوەکو کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە وەرنەگیراوە."
 
لە 22ی تەممووزدا، وەزیری بەرگریی سووریا رایگەیاند، ئاگاداری "پێشێلکارییە حەپەسێنەرەکانە کە لەلایەن گرووپێکی نەناسراو بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە شاری سوەیدا ئەنجامدراون."
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە دوو مانگ پێشتر، لە 23ی ئایاردا، وەزیری بەرگری رایگەیاندبوو کە گرووپە چەکدارە گەورەکان لە سوریا خراونەتە ناو سوپا و 10 رۆژ مۆڵەتی بە گرووپە بچووکەکانی دیکە دابوو بۆ پابەندبوون یان رووبەڕووبوونەوەی وەڵامێکی تووند.
 
دۆخی ئێستای سوەیدا
 
هەرچەندە شەڕ نەماوە و دۆخەکە ئارام بووەتەوە، بەڵام هێشتا دۆخی مرۆیی لە سوەیدا ئاسایی نەبووەتەوە و قەیرانی خزمەتگوزاری سەرەتایی، سووتەمەنی، کارەبا و خۆراک هەیە.
 
ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵی ئەوەدایە لە رێگەی گەیاندنی هاوکارییەوە، یارمەتی دانیشتووانی سوەیدا بدات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی گوت، کاروانێکی نوێی یارمەتییە مرۆییەکان گەیشتە پارێزگای سوەیدا کە لە 22 بارهەڵگر پێکهاتبوو.
 
کاروانەکە بە یاوەری شاندێک لە مانگی سووری سووریا و نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەسەدە

مەسەدە: دۆخی بژێوی و ئابووریی سووریا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لەبارەی "تێکچوونی خێرای دۆخی بژێوی و ئابووری لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا" راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، پرسی نانی خەڵک، ئاسایشی خۆراک و تەندروستی لە پێشینەی کارە نیشتمانییەکانە و چیدی قابیلی دواخستن و پشتگوێخستن نییە