رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا هەڕەشە لە بکەرانی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی منبج دەکات و دەڵێت، "وەڵامی تووندمان دەبێت."
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، محەممەد جاسم، فەرماندەی گشتیی فیرقەی سوڵتان سلێمان شای سەر بە چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "زۆر قسە ناکەین، گەلەکەمان لە منبج، خوای گەورە لە شەهیدەکانتان ببوورێت و شیفای بریندارەکانتان بدات."
محەممەد جاسم کە بە 'ئەبوو عەمشە' ناسراوە هەروەها نووسیویەتی: "سرووشتی ترسنۆکییە کە تووڕەیی خۆی بەسەر خەڵکی سڤیل بەتاڵ بکاتەوە."
فەرماندەی گشتیی فیرقەی سوڵتان سلێمان شا هەڕەشە لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە دەکات و دەڵێت: "سوێند بە خودای تاک و تەنیا وەڵامی تووندمان دەبێت، چاوەڕوانی رێنمایین لە فەرماندەییەوە."
تەقینەوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لەسەر رێگەی ئۆتۆسترادی منبج روویدا و بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی سووریا، "14 کەس کوژراون و 15ـی دیکەش بریندار بوون."
هاوکات روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تەقینەوەکەی بە "گەورە" ناوبرد و رایگەیاند، "لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای نیشتمانیی سووریادا بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ