رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رەتیدەکاتەوە هێرشیان کردبێتە سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا و رایگەیاند، "گرووپە بێ دیسپلینەکان" کە لە ریزەکانی هێزەکانی حکومەتی سووریادا کاردەکەن، بەردەوامن لە هەراسانکاری و دەستدرێژییە دووبارەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی هێڵی تهماس لە ناوچەی دێر حافر."
بەرەبەیانی یەکشەممە 3-8-2025 ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەڵامی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی سووریای لە بارەی رووداوەکانی ناوچەی منبج لە گوندەواری حەلەب دایەوە.
وەزارەتەکە بە ئاژانسی فەرمیی سووریای راگەیاندبوو، "هێزەکانی هەسەدە بەشێوەیەکی نابەرپرسانە، هێرشی مووشەکییان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییان لە گوندی کیاریە و دەوروبەری لە گوندەواری منبج، کە بووە هۆی برینداربوونی 4 سەرباز و سێ هاووڵاتیی سڤیل".
راشیگەیاندبوو "هێزەکانی سوپا کار لەسەر وەڵامدانەوەی سەرچاوەی ئەو بۆردوومانانە دەکەن کە گوندە سڤیلنشینەکانی نزیک هێڵەکانی پێشەوەیان کردووەتە ئامانج."
بەڵام هەسەدە رەتیدەکاتەوە لەو شەڕەدا ئەوان دەستخەر بووبن و دەڵێت: "بە پێچەوانەوە، 'گرووپە بێ دیسپلینەکان' کە لە ریزەکانی هێزەکانی حکومەتی سووریادا کاردەکەن، ئەوانەن کە بەردەوامن لە هەراسانکاری و دەستدرێژییە دووبارەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی هێڵی تهماس لە ناوچەی دێر حافر."
هەسەدە رایگەیاندووە، شەوی شەممە ئەو گرووپانە بە زیاتر لە 10 هاوەن و بەبێ هیچ پاساوێک ناوچە نیشتەجێبووەکانیان تۆپباران کردووە، هێزەکانیان وەک مافی بەرگری لە خۆکردن، وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دوای چەند رێککەوتنێک، لە بەهاری ئەمساڵەوە شەڕ و پێکدادانی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و نزیک لە تورکیا وەستابوو.
هەسەدە، وەزارەتی بەرگریی سووریا بە "شێواندنی راستییەکان و چەواشەکردنی رای گشتی" تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، "ئەمە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری ناکات."
هەسەدە رایگەیاندووە، هێزەکانیان تاوەکو ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن پەیڕەو دەکەن بەرامبەر بە هێرش و هەراسانکارییە دووبارەکانی ئەو گرووپانە، "کە لە ماوەی رابردوودا بەردەوام بوون لە هەڵکەندنی خەندەق و گواستنەوەی چەکداران، بۆ ئەوەی نیازەکانیان بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان پشتڕاست بکەنەوە."
هێزەکانی سووریای دیموکرات، داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی سووریا دەکات، کە بەرپرسیارێتییەکانیان هەڵبگرن و "ئەو گرووپە بێ دیسپلینانەی لەژێر کۆنترۆڵیاندایە، کۆنترۆڵیان بکەن."
10ی ئاداری ئەم ساڵ هەسەدە و دیمەشق رێککەوتن بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوە و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا. پاشانیش لە یەکی نیسان رێککەوتنێکی ئەمنییان بۆ بەڕێوەبردنی حەلەب واژۆ کرد، لە نێویدا رادەستکردنی بەنداوی تشرین لەسەر رووباری فوڕات بە هێزەکانی دیمەشق.
بەڵام وێڕای چەندین گەڕی گفتوگۆ و دانوستاندن، لەو کاتەوە، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان هیچ پێشکەوتنیان نەبووە.
بڕیارە هەردوولا بەم نزیکانە بە نێوەندگیریی فەرەنسا لە پاریس کۆببنەوە.
حکومەتی راگوزەری سووریا داوا دەکات هەسەدە هەڵبوەشێنرێتەوە و شەڕڤانەکانی تاک تاک ببنە ئەندامی سوپای داهاتوو. بەڵام هەسەدە پێداگرە لەسەر ئەوەی بەم پێکهاتە و تایبەتمەندییەی ئێستا هەیەتی، ببێتە بەشێک لە سوپاکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ