رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، پشتیوانیی زیاتری ناردە ئەو ناوچانەی کە چەند گرووپێکی سەر بە ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور دەستیان بە هەڵگەڕانەوە و یاخیبوون کردووە. بەرپرسانی هەسەدە دەڵێن، چەکدارە یاخییەکان دامەزراوە سڤیلەکان تاڵان دەکەن، هەروەها سەدان چەکداری لایەنگری حکومەتی سووریاش چوونەتە نێویان بۆ ئەوەی شەڕ لە دژی هێزە زۆرینە کوردییەکە بکەن.
ئەم شەڕە رۆژی دووشەممە، 27ی ئاب، دەستیپێکرد دوای ئەوەی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور و چوار لە هاوکارەکانی دەستگیرکردن، بە تۆمەتی ئەوەی کە پێشێلکارییان دژی مافی مرۆڤ کردووە و دەستیان لەگەڵ لایەنی دوژمن تێکەڵکردووە.
لە دوای شەڕی داعشەوە، ئەمانە تووندترین پێکدادانن کە ناوچەی دێرەزوور روویدابێت، کە تاوەکو ئێستا لانیکەم 50 کەس کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
ناوچەی شەڕەکە دەوڵەمەندترین ناوچەی نەوتییە لە سووریا و بەشێکی زۆری ئەو 900 سەربازە ئەمریکییەی لێیە کە لە رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای کوردستان جێگیرکراون.
رۆژی پێنجشەممە، سوپای ئەمریکا داوای کرد کۆتایی بە گرژییەکان بهێنرێت و هۆشداریدا لەوەی شەڕەکە ببێتە هۆی بەهێزبوونەوەی داعش.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، رۆژی شەممە، هەسەدە و هۆزەکانی لایەنگری فەرماندە لەکارلادراوەکە لە ناوچەی نێوان گوندی زیبان و کێڵگەی نەوتی عومەر رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
کێڵگەی نەوتی عومەر گەورەترین دامەزراوەی نەوتیی سووریا و شوێنی یەکێک لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە، کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا شەڕ لە دژی داعش دەکات.
خالد زەینۆ، کە فەرماندەی یەکێک لە یەکینەکانی هەسەدەیە، بە ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندووە، هێزەکانیان پێشڕەوی دەکەن بەرەو گوندەکانی شحەیل و بەسیرە بۆ ئەوەی رێگری لە گەیشتنی پشتیوانی لە رۆژئاوای فوراتەوە بۆ هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور بگرن، کە گوایە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.
زەینۆ گوتیشی کە 400 چەکدار بە کەلوپەلی سەربازییەوە لە بەرەی حکومەتەوە بە بەلەم لە فورات پەڕیونەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی بەلەمەکانەوە چەکدارە بریندارەکان گوێزراونەتەوە بۆ بەرەی رۆژئاوای فورات تاوەکو لە شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق، چارەسەربکرێن.
رۆژی هەینی، هەسەدە بۆ ماوەی 48 کاژێر قەدەخەی هاتووچۆی لە بەرەی رۆژهەڵاتی فورات راگەیاند.
بەگوێرەی چالاکڤانانی خۆجێیی، لە شەش رۆژی شەڕەکەدا، لانیکەم 54 کەس کوژراون و دەیانی دیکەش برینداربوون.
ئەمریکا 900 سەربازی لە رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە کە شانبەشانی هەسەدە کار بۆ رێگریکردن لە بەهێزبوونەوەی داعش دەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023، هاوپەیمانییی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە راگەیێندراوێکدا داوایکرد "دەستبەجێ" کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانی دێرەزوور بهێندرێت و پاڵپشتیی خۆی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دووپات کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ