رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا رایدەگەیێنێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزە یاخیبووەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور بە نێوەندگیریی ئەمریکا رازیبوون "گرژییەکان کەمبکەنەوە" و رێگری لە "مردن و برینداربوونی خەڵکی سڤیل" بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا رایگەیاند، "ئیسان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک و لیوا جۆڵ ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ هەسەدە، مەسەدە و سەرکردەی هۆزەکانی دێرەزوور کۆبوونەوە."
باڵیۆزخانەکە دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا، "ئەوان رێککەوتن لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی دانیشتووانی دێرەزوور، مەترسیی دەستوەردانی لایەنە دەرەکییەکان لە دێرەزوور، پێویستیی رێگەگرتن لە مردن و برینداربوونی خەڵکی سڤیل و پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییەکان بە زووترین کات."
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەفتەیەک لەمەوبەر شەڕ لە نێوان هەسەدە و ژمارەیەک هێزی سەر بە ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور دەستیپێکرد و سەرووی 50 کەس کوژران و دەیانی دیکە برینداربوون.
ئەنجوومەنەکە سەر بە هەسەدەیە و زۆرینەی چەکدارەکانی سەر بە هۆزە عەرەبەکانی دێرەزوورن. ناکۆکییەکە دوای ئەوە دروستبوو کە هەسەدە بە تۆمەتی پێشێڵکاری و دەستێكەڵکردن لەگەڵ نەیارەکانی، فەرماندەی ئەنجوومەنەکە و چوار لە هاوکارەکانی دەستگیرکردن و لەکارلایدان.
شەڕەکە کە 27ی ئاب دەستیپێکرد، نیگەرانیی ئەمریکای هاوپەیمانیی هەردوولای لێکەوتەوە و سوپای ئەمریکا دوو جار داوایکرد "دەستبەجێ" گرژییەکان رابگرن چونکە بە گوتەی خۆی ئەوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونەوەی داعش، هەروەها پشتیوانیی خۆیشی بۆ هەسەدە دووپاتکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەی رۆژی یەکشەممەی باڵیۆزخانەی ئەمریکادا هاتووە: "گۆڵدریچ و ڤاوڵ جەختیان لەسەر گرنگیی هەبوونی هاوبەشیێکی بەهێز لە نێوان ئەمریکا و هەسەدە لە شەڕی دژی داعشدا کردەوە."
بەرپرسانی هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایانگەیاندبوو کە ئەحمەد خبێل ناسراو بە ئەبو خەولە، فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور، بە تاودانی حکومەتی سووریا و ئێرانی هاوپەیمانی، لە هەسەدە هەڵگەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە لەدەستی دەربێنن، رادەستی هێزەکانی بەشار ئەسەدی بکەنەوە بۆ ئەوەی سەربازانی ئەمریکا ناچاربکەن لە ناوچەکە بکشێنەوە.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش رۆژی سێشەممە، رایگەیاند: "زۆر گرنگە هەموو سەرکردە خۆجێیەکان لەبەردەم هەژموونی لایەنە شەڕەنگێزەکان بوەستنەوە کە بەڵێنی پاداشتی زۆر دەدەن، بەڵام تەنیا نەهامەتی بۆ خەڵکی ناوچەکە دێنن."
ئەمریکا 900 سەربازی لە رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە کە شانبەشانی هەسەدە کار بۆ رێگریکردن لە بەهێزبوونەوەی داعش دەکەن.
پارێزگەی دێرەزوور دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سووریا و لەگەڵ عێراق هاوسنوورە.
رووباری فورات پارێزگەکە دابەش دەکات بەسەر دوو بەش؛ لە رۆژهەڵاتەوە هێزەکانی هەسەدە و ئەمریکای لێیە و لە رۆژئاواش لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادایە.
دێرەزوور بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگەکانی سووریا لە بواری نەوت و گاز دادەنرێت و بەشێک لە بیرە نەوتە هەرە گرنگەکان لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان کە بوونەتە شادەمارێکی ئابووریی گرنگ بۆ خۆبەڕێوەبەری هەسەدە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ