رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، بە هاوبەشی فەرەنسا هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانێکی رێکخراوی داعش لە سنووری تەدمووری سووریا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 4-1-2026 وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بڵاویکردەوە: "فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی شاهانەمان بە هاوئاهەنگیی فەرەنسا هێرشیان کردە سەر داعش".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شوێنی بۆردوومانکراو لە لایەن داعشەوە بە مەبەستی کۆگاکردنی چەک و تەقەمەنی بەکاردەهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ناوچەکە هیچ کەسێکی تێدا ناژیت.
وەک وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، هیچ ئاماژەیەک نییە بۆردوومانکردنی ئامانجەکەی باکووری ناوچەی تەدمووری پارێزگای حمسی سووریا مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتیی مەدەنی دروستکردبێ.
دوایین ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سووریا لە ساڵی 2019 لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکرانەوە، بەڵام هێشتا ئەو رێکخراوە پەڕگیرە لە بیابانەکانی سووریادا هەیە.
تەدموور یەکێک لەو شوێنانە بوو کە بۆ ماوەیەک لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوو.
مانگی رابردوو، ئەمریکا بڵاویکردەوە، چەکدارێکی داعش لە سووریا دوو سەربازی ئەمریکی و هاووڵاتییەکی مەدەنی ئەمریکی کوشت. چەند رۆژێک دوای ئەوە، ئەمریکا هێرشی کردە سەر پێگەکانی داعش لە سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ