وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لیژنەکانی کۆنگرێس ئاگادار دەکاتەوە؛ "باڵیۆزخانە لە دیمەشق دەکەینەوە"

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیدارەی ترەمپ، کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە کە دەستی بە پلانەکانی کردووە بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا.
 
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئاگادارکردنەوەیەکدا بۆ لیژنەکانی کۆنگرێس رایگەیاندووە، واشنتن بەنیازە "پلانێکی قۆناخبەندی" بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی کارەکانی باڵیۆزخانەکەی لە سووریا جێبەجێ بکات.
 
ئاگادارکردنەوەکە لە 10ـی شوبات نێردراوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە بودجەی تایبەت بەم پلانە خەرج دەکرێ، هەرچەندە تاوەکو ئێستا کاتێکی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی کارەکان یان گەڕانەوەی دیپلۆماتە ئەمریکییەکان بۆ دیمەشق دیاری نەکراوە.
 
ئەم هەنگاوەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە لە کانوونی یەکەمی 2024 بەشار ئەسەد لە دەسەڵات لادرا. تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ سووریا، یەکێک بووە لە پاڵپشتیکارە سەرەکییەکانی نزیکبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتییە نوێیەکەی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع.
 
توم باراک لە ئایاری رابردوودا سەردانی دیمەشقی کرد و ئاڵای ئەمریکای لەسەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەکە بەرزکردەوە.
 
دوێنێ هەینی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی، دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو پرسیاری لە ترەمپ کرد کە چۆن دڵنیا دەبنەوە لەوەی ئاشتیی نێوان کورد و حکومەتی سووریا بەردەوام دەبێت؟ لە وەڵامدا ترەمپ گوتی: "سەرۆکی سووریا کە لە بنەڕەتدا من لەوێم داناوە، کارێکی ناوازە دەکات."
 
هەر لەبارەی شەرعەوە، سەرۆکی ئەمریکا بە رووداوی گوت: "ئەو کەسێکی تووندە. ئەو کەسێکی ساویلکە نییە. کەسێکی ساویلکە نەیدەتوانی ئەو کارە بکات، بەڵام سووریا وا خۆی رێکدەخاتەوە. زۆر باش خۆی رێکدەخاتەوە."
 
لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە شەرع "تاوەکو ئێستا لەگەڵ کورد زۆر باش بووە."
 
ئەم گۆڕانکارییانە لەکاتێکدایە کە واشنتن سزاکانی سەر سووریای هەڵگرتووە و دەیەوێ ئەو وڵاتە بگەڕێتەوە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. سووریا ئێستا بەشدارە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە