سووریا: ئامادەین بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی 1974 لەگەڵ ئیسرائیل

04-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سووریا دەڵێت، ئامادەیە لەگەڵ ئەمریکا هاوئاهەنگی بکات بۆ جێبەجێکردنەوەی رێککەوتنی (راگرتنی پێکدادان)ی ساڵی 1974 لەگەڵ ئیسرائیل.
 
رۆژی هەینی 04-07-2025 ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، هاوتا ئەمریکییەکەی؛ خواستی سووریای بۆ "هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی 1974" دەربڕی.
 
بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نێوان سووریا و ئیسرائیل، واشنتن هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕ کردووەتەوە. تۆماس باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، ئێستا بەرقەرارکردنی ئاشتی لەنێوان هەردوولادا پێویستە.
 
باراک ئەم هەفتەیە بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاند، سووریا و ئیسرائیل لە گفتوگۆ "گرنگ"دان بە نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی پەیوەندیدار بە سنووریان.
 
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی پاردا، ئیسرائیل هێزەکانی خۆی زیاتر بردە نێو سووریا.
 
هەروەها ئیسرائیل سەتان هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان لە سووریا کردووە و ئۆپەراسیۆنی بۆ قووڵایی باشووری وڵاتەکە ئەنجامداوە.
 
لەڕووی تەکنیکییەوە، سووریا و ئیسرائیل لە ساڵی 1948ـەوە لە جەنگ و پێکداداندان.
 
ئیسرائیل لە ساڵی 1967، نزیکەی دوو لەسەر سێی بەرزاییەکانی گۆلانی لە سووریا کۆنتڕۆڵ کرد، پێش ئەوەی لە ساڵی 1981 بە فەرمی بیلکێنێت بە خاکەکەیەوە، کە هەنگاوێکە لەلایەن زۆرێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانەنراوە.
 
ساڵێک دوای جەنگی 1973، هەردوو وڵات لەسەر دیاریکردنی هێڵێکی سنووری نێوانیان بۆ جیاکردنەوەی هێزەکانیان، رێککەوتن.
 
رێککەوتنی ساڵی 1974 چییە؟
 
رێککەوتنی راگرتنی پێکدادان، کە لە ساڵی 1974 لەنێوان سووریا و ئیسرائیل واژۆ کرا، ئامانج لێی کۆتاییهێنان بوو بە شەڕی نێوانیان دوای جەنگی 1973.
 
بەپێی رێککەوتنەکە، "ناوچەیەکی دابڕێنەر" (Buffer Zone) لە سنووری نێوانیان (لە بەرزاییەکانی گۆلان) دروستکرا.
 
ئەم ناوچەیە خرایە ژێر چاودێریی هێزێکی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆئەوەی دڵنیایی بدات کە هیچ لایەنێک هێرش ناکاتە سەر ئەوی دیکە.
 
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل لەو خاکە کشایەوە کە لە جەنگی 1973دا کۆنتڕۆڵی کردبوو و دیلەکانی جەنگیان گۆڕییەوە.
 
ئەوە رێککەوتنێکی ئاشتی نەبوو، بەڵکو تەنیا هەنگاوێک بوو بۆ راگرتنی شەڕ. دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە 2024، ئیسرائیل رایگەیاند کە رێککەوتنەکە چیدیکە کاری پێناکرێت و هێزەکانی خۆی بەرەو ناوچە دابڕێنەرەکە جووڵاند.
 
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە رایگەیاند، وڵاتەکەی لە دروستکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا و لوبنانی دراوسێی "بەرژەوەندی" هەیە.
 
ساعر گوتیشی، بەرزاییەکانی گۆلان "وەک بەشێک لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەمێنێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە