رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر خاڵێکی پۆلیسی سەربازی لە دەوروبەری حەلەب تۆمەتبار دەکات. هەسەدەش دەڵێت، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و بۆ دروستکردنی پاساوی شەڕە.
ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2026، فەرمانگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی "پەرەسەندنە بەردەوامەکان" بۆ سەر خاڵەکانی سوپا، هێزەکانی هەسەدە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خاڵێکی پشکنینی پۆلیسی سەربازییان لە نزیک شارۆچکەی (دێر حافر) لە رۆژهەڵاتی حەلەب کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دیمەشق، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا سێ سەرباز بریندار بوون و دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی سەربازیش تێکشکاون.
بەڵام ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانە بە تەواوی هەڵبەستراو و گوماناوین."
هەسەدە دەڵێت، ئەمڕۆ هیچ جۆرە چالاکی، جووڵە، یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لەو ناوچەیە نەبووە و ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە "دروستکردنی پاساوە بۆ هێرشکردن".
هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەوان پابەندن بە پرەنسیپی دانبەخۆداگرتن و بەرپرسیارێتیی هەر دەرەنجامێک دەخەنە ئەستۆی ئەو لایەنەی بەیاننامەکەی دژیان بڵاوکردووەتەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان رۆژی یەکشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی سووریا کۆبووەوە.
فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە یەکگرتنی سەربازی بوو.
رۆژی 10ی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق کۆبوونەوە و رێککەوتنێکیان واژۆکرد. دواتر لێژنەیەکی هاوبەشیان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی کۆبوونەوەکە پێکهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ