رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا سەردانی سووریای کرد و لەمیانی ئەو سەردانەشیاندا، پاکیجێکی هاوکاریی داراییان بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا بە بڕی 157 ملیۆن یۆرۆ تەرخان کرد و بەرپرسێکی باڵای ئەو یەکێتییەش رایدەگەیەنێت، دابینکردنی ئەو پاکیجە هاوکارییە، پەیامێکی روونی ئەورووپایە کە پشتیوانی سووریای نوێ دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، دوبرایڤکا سویچا، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەریای سپی نێوەڕاست، کە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا سەردانی دیمەشقی کردووە بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاند، پاکێجێکی 175 ملیۆن یۆرۆییان بۆ سووریا تەرخان کردووە و ئەمەش "پەیامێکی روونە" بەوەی ئەورووپا پشتیوانی لە ئاوەدانکردنەوەی سووریا دەکات.
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئەورووپا، ئاماژەی بەوە کرد ئەو پاکێجە هاوکارییە بۆ پێشخستنی کەرتەکانی وەک وزە، پەروەردە، تەندروستی و کشتوکاڵە، هەروەها بۆ یارمەتیدانی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی سووریا، پشتیوانیکردنی دامەزراوەکان و برەودان بە مافەکانی مرۆڤە.
لەو بارەیەوە، سویچا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "من بە پەیامێکی روونەوە هاتوومەتە ئێرە و لەپێناو یارمەتیدان و هاوکاریکردنی سووریا. دەمانەوێت پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بووژانەوەکە بە خاوەندارێتی و سەرکردایەتیی سووریا بێت، خوازیارین لە داهاتوودا سووریا وەک وڵاتێکی ئاسایی، سروشتی و دیموکرات ببینین."
لە مانگی ئایاری رابردوو، یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند کە سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ یارمەتیدانی سووریاییەکان لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە.
لە پەیامێکیشدا لەسەر هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، سویچا لەکاتی گەیشتنی بۆ سووریا نووسیوویەتی، "ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانە، لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و سووریا."
هەروەها ئەو بەرپرسە ئەورووپییە، کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، بە "کۆبوونەوەیەکی بونیاتنەر" وەسفکرد و سەبارەت بە گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا لە وڵاتانی ئەورووپا و دراوسێی سووریاوە گوتی، "گەڕانەوەی پەنابەران دەبێت، بەشێوەیەکی سەلامەت، ئارەزوومەندانە و بەڕێزەوە بێت."
سەبارەت بەو هەڵوێستەی ئەورووپا کە هێشتا سووریای وەکو وڵاتێکی ئارام دەستنیشان نەکردووە، ئەو بەرپرسە ئەورووپییە دەڵێت، "نامانەوێت بە گوشار خەڵک رەوانەی ئێرە بکەینەوە و پاشان ماڵیان نەبێت تێیدا بمێننەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ