رووداو دیجیتاڵ
شێخ حیکمەت هەجەری، رێبەری تائیفەی دروزی سووریا، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، مافی چارەی خۆنووسین "مافێکی پیرۆزە" و لەلایەن هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە گەرەنتی کراوە و هەرگیز دەستبەرداری نابن.
هەجەری کە نەیاری حکومەتی راگوزەری دیمەشقە، رایگەیاند: "جەخت دەکەینەوە کە مافی چارەی خۆنووسین مافێکی پیرۆزە و هەرگیز دەستبەرداری نابین، قوربانییەکان هەرچەندێک بن".
رێبەری دروزەکان داوای ئازادکردنی بێمەرجی هەموو رفێنراوانی پارێزگای سوەیدای کرد و جەختیشی لە پێویستیی گەڕانەوەی ئەو گوندانە کردەوە کە بە "داگیرکراو" ناوی بردن. گوتیشی: "چاوەڕێی کشانەوەی تیرۆرین لە گوندەکانمان و حکومەتی کاتیش هەوڵی شاردنەوەی تاوانەکان دەدات."
هەجەری داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتان و رێکخراوەکان کرد، پشتیوانیی پێویست پێشکێش بکەن بۆ یارمەتیدان لە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای سوەیدا، لەژێر رۆشنایی ئەو دۆخەی کە بە "گەمارۆی سیستماتیک"ی سەر ناوچەکە وەسفی کرد.
سەرکردە ئاینییەکە هەروەها سوپاسی هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کورد، عەلەوییەکان و وڵاتانی ئەورووپای کرد و داوای لێکردن، لە پشتیوانییان بەردەوام بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ