لە دەرعای سووریا تەقینەوەیەک روویدا و 7 منداڵ گیانیان لەدەستدا؛ 'چواریان برا بوون'

06-04-2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی فەرمیی سووریا رایگەیاند، لە باکووری شاری دەرعا بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە 7 منداڵ گیانیان لەدەستدا. 
 
رۆژی شەممە، 06-04-2024، سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا هاوکات بڵاویانکردەوە، بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچی چەند مووشەکێکی لە باشووری دیمەشق داوەتەوە.
 
هەروەها میدیای فەرمیی سووریا باس لەوە دەکەن، بەهۆی تەقینەوەکەوە دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، یەکێک لەوانە ژنێکە کە برینەکەی سەختە. 
 
سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی پۆلیسی دەرعا بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی گوتووە، چوار لەو منداڵانەی گیانیان لەدەستداوە، برای یەکدی بوون.
 
هەروەها ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، لە ئێستادا بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەریان بۆ دەکرێت.
 
بەپێی بە میدیای فەرمیی سووریا، تەقینەوەکە لە گوندەکانی باکووری شاری دەرعا بووە، بە کردەوەی "تیرۆریستی" ناوبراوە.
 
دەرعا بە لانکەی راپەڕینی ساڵی 2011ـی سووریا لە دژی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دادەنرێت کە دواتر هەموو وڵاتەکەی گرتەوە. 
 
لەو کاتەوە، شارەکە بووەتە شوێنێکی گەرمی ململانێ و پێکدادنەکان و باروودۆخی ژیان تێیدا سەختە.
 
شارەکە لە ساڵی 2018 دا لەژێر رێککەوتنێک بە نێوەندگیریی رووسیا کەوتەوە دەستی حکومەتی سووریا. 
 
شەڕی نێوخۆی سووریا بووە هۆی تێوەگلانی چەند وڵاتێکی هەرێمیی و چەندین گرووپی چەکدار لە دژی یەک شەڕ دەکەن. 
 
تاوەکو ئێستا لانیکەم 507 هەزار کەس بەهۆی شەڕەکەوە کوژراون و ملیۆنان کەسی دیکەش لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەدا دەربەدەر بوون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە