بازاڕی کۆنی حەلەب تەمەنی 1000 ساڵە و نۆژەن دەکرێتەوە

07-04-2024
تەنیا ئەحمەد
مزگەوتی گەورەی حەلەب
مزگەوتی گەورەی حەلەب
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بازاڕی سەقەتیە لە نێوجەرگەی شاری حەلەبی سووریا کاریگەریی جەنگ و وێرانکاری بە هەموو شوێنێکیەوە دیارە؛ بەڵام چەند مانگێکە هەڵمەتێکی نۆژەنکردنەوەی دەستی پێکردووە.
 
کامل ئەحمەد، دەستگێڕ لەنێو بازاڕەکە دەڵێت، "خەڵک ترسیان رەوییەوە و ئەو نۆژەنکردنەوەیەی ئێستا لە بازاڕەکە هەیە خەڵکی بەرەو شت کڕین هێناوە. جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەم رەمەزانە و رەمەزانی پێشوو دەبینین."
 
تەمەنی ئەو بازاڕە نزیکەی 1000 ساڵە و بەشێکە لە لیستی میراتیی جیهانیی رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. بازاڕەکە لەسەر رووبەڕی 1500 مەتر دووجا دروستکراوە.
 
ئەحمەد عەفەش، هاووڵاتی دەڵێت، "ئەم بازاڕە مانای زۆری بۆ ئێمە هەیە. لە ماوەی جەنگ و ئەو قەیرانەی پێیدا تێپەڕین بە تەواوی خاپوور بوو. دواتر لە سفرەوە دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی کردەوە، کردنەوەی دووکانەکان خۆشیی بۆ دڵ و دەروونمان دەهێنێت. ئەوەی ئێمە لەم چەند رۆژە دەیبینین، دووبارە گەڕانەوەیە بۆ ژیان و رۆژە خۆشەکانی رابردوو."
 
هاوکات دوای 10 ساڵ، دەرگەی مزگەوتی گەورەی حەلەب کرایەوە و خوانێکی بەربانگکردنەوەی گەورەی تێدا رێکخرا؛ جارێکی دیکە دەنگی بانگ کوچە و کۆڵانەکانی شاری حەلەبی کۆنی پڕ کرد.
 
یاسر محەممەدات، سەرپەرشتیاری مزگەوتی گەورەی حەلەب دەڵێت، "ئێستا منارەی مزگەوتەکە لە دوایین قۆناخی دروستکردندایە. نۆژەنکردنەوەی بەشی سەرەکیی مزگەوتەکە تەواو بووە و تەنیا چەند کارێکی جوانکاری و دیکۆری ماوە. بەشێکی گەورەی کارەکان تەواو بوون."
 
مزگەوتی گەورەی حەلەب کە مزگەوتی ئومەویشی پێدەگوترێت، لە سەدەی 8ی زایینی دروستکراوە و چەند جارێک بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن، دەستکاری کراوە، دوایین جار لە ساڵی 2003 بوو.
 
منارەی مزگەوتەکە بەنێوبانگترین بەشیەتی و لە ساڵی 2013دا لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپا و ئۆپۆزیسیۆنی وڵات بە تەواوی رووخا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە