رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانێکی کورد لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەبی سووریا بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانی حکومەتی سووریا بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب.
محەممەد عەبدۆ، کە رۆژنامەڤانێکی کوردە. 7-10-2025 بە رووداوی راگەیاند، شەڕ لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەردەوامە، هەردوو گەڕەکەکە لەلایەن سووپای سووریاوە بۆردوومان دەکرێن.
ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت، رژێمی دیمەشق دەیەوێ دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە "جینۆساید بکات" و چی دەرهەق بە عەلەوییەکان و دروزییەکان کرد، هەمان شتیش بەرامبەر کوردی حەلەب بکات.
بە گوتەی ئەو رۆژنامەڤانە، هێزەکانی حکومەتی سووریا ماوەی سێ رۆژە گەماڕۆیان خستووەتە سەر ئەو دوو گەڕەکە، رۆژی دووشەممە گەماڕۆکەیان تووندتر کرد و حەوت رێگەی سەر هەردوو گەڕەکەکەیان بە خۆڵ گرتووە.
محەممەد عەبدۆ ئاماژەی بەوەدا حکومەتی دیمەشق خزمەتگوزاریشیی لەسەر هەردوو گەڕەکەکە بڕیوە.
رۆژی دووشەممە دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە لە دژی ئەو گەماڕۆیەی خراوەتە سەریان گردبوونەوە، محەممەد عەبدۆ دەڵێت: "هێزەکانی حکومەتی سووریا بە گوللە و گازی فرمێسکڕێژ رووبەروویان بوونەوە، بەهۆیەوە کەسێک شەهید بوو و 60 کەسیش بریندار بوون، کە رەوشی چواریان ناجێگیرە."
بە گوتەی ئەو رۆژنامەڤانە، بۆردوومانکردنی هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ