رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رایگەیاند کە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمریکا کۆبووەتەوە و جەختیان لەسەر "پشتگیریکردن لە یەکپارچەیی سیاسی لە سووریا و پاراستنی سەروەریی خاکی وڵاتەکە" کردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەزڵووم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "جێگەی شانازی بوو پێشوازیمان لە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا باڵیۆز تۆم باراک و ئەدمیرال براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا کرد"
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک پرسی گرنگیان تاوتوێ کردووە کە "ئامانجیان پشتگیریکردن بوو لە یەکپارچەیی سیاسی لە سووریا، پاراستنی سەروەریی خاکی وڵاتەکە، و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا."
هەروەها، هەردوولا دڵنیاییان داوە لە بەردەوامیی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش لە ناوچەکە و رێگری لە سەرهەڵدانەوەی.
مەزڵووم عەبدی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ستایشی هەوڵەکانی بەرپرسانی ئەمریکای کرد و گوتی: "سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و باڵیۆز باراک رۆڵێکی دڵسۆزانە و کاریگەریان هەبووە بەرامبەر بە گەلی سووریا لە هەوڵەکانیاندا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە و گەیشتن بە داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریا و هەموو سوورییەکان."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، مەزڵووم عەبدی دووپاتی کردەوە کە "ئێمە سوورین لەسەر ئامانجمان بۆ سووریایەکی یەکگرتوو بۆ هەموو سووریاییەکان."
هەروەها تۆم باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەردانەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، "ئەمە پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ دیدگای سەرۆکی ئەمریکا بۆ پێدانی دەرفەتێک بە سووریا، لەرێگەی رێگەدان بە سوورییەکان بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ هەموو سوورییەکانی دیکە لە هەوڵێکی نوێدا بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانیی هاوبەش."
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و رۆژی یەکشەممە 05-10-2025 لە چەند ناوچەیەکی سووریا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا [پەرلەمان] بەڕێوەچوو.
تۆم باراک رۆژی 25ـی مانگی رابردوو، لەبارەی گفتوگۆی هەسەدە و دیمەشق، لەبەردەم کۆشکی سپیی ئەمریکا لە واشنتن، بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی راگەیاند: "لە بارەی هەموویەوە گەشبینم. پرسی ئۆتۆنۆمی گرێدراوە بە هەموو پێکهاتە و کەمینەکانەوە، پێموایە حکومەتی نوێ تێدەگات لەوەی ئەمانە سیستمی پەروەردەی تایبەت بە خۆیان دەوێت، زمانی خۆیان دەوێت، دەیانەوێت رێز لە نەریتە ئاینییەکانیان بگیرێت، نایانەوێت وەک هاووڵاتیی سووریایی پلە دوو سەیر بکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ