بەرپرسانی کورد لە حەلەب بۆ رووداو: ژیانی 450 هەزار کورد لە مەترسیدایە

06-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە نیوەڕۆی دووشەممەوە لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەبی سووریا، ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی سەر بە هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبووە. هاوسەرۆکی گەڕەکەکان دەڵێت، 7 رێگەی هاتووچۆ لەو دوو گەڕەکە هەن هەموویان داخراون.
 
ئاڵۆزییەکان دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، لە دەروازەکانی هەردوو گەڕەکەکە بە خۆڵ رێگەی هاتووچۆیان بڕی. بەرپرسێکی پەیەدە لە حەلەب دەڵێت، 15 کورد بە گازی فرمێسکڕێژ بریندار بوون.
 
هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا7 رێگەی هاتووچۆی هەردوو گەڕەکەکە هەن دایانخستوون".
 
لە دوای ئاڵۆزییەکانی سووریاوە لە چەند ساڵی رابردوودا، ئاسایشی ئەو دوو گەڕەکە، لەلایەن گرووپە چەکدارە کوردەکانی نزیک هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەدەبرێن و دەپارێزرێن.
 
محەممەد ئەمین ئەلیکۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) لە حەلەب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دۆخەکە زۆر خراپە و ژیانی نزیکەی 450 هەزار لەژێر مەترسیدایە".
 
دوای دروستکردنی بەربەستی هاتووچۆ، سەتان هاونیشتمانیی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود راژونەتە شەقامەکان و بەرەو رووی هێزەکانی دەسەڵاتی دیمەشق چوون، ئەو بەرپرسەی پەیەدە گوتی: "هێزەکانی حکومەتی سووریا گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە و بەهۆیەوە 15 کەس بریندار بوون".
 
خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە بەردەوامە. کوردانی ئەو دوو گەڕەکە داواکارن، هەرچی زووە بەربەستەکان لاببرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە